لە ئەوروپا لەدایکبوونی کۆرپەی تووشبووی داون کەمیکردووە
رووداو- دیجیتاڵ
پزیشکانی نەخۆشخانەی ماساچیوستس رایدەگەیێنن ژمارەی ئەو کۆرپانەی بە کۆنیشانەی داون لەدایکدەبن لە وڵاتانی ئەوروپی کەمیکردووە.
لە توێژینەوەیەکدا کە سێ ساڵ پزیشکان سەرقاڵیبوون و بەدواداچوونیان بۆ ئامارەی منداڵانی لەدایکبوو لە ئەوروپا کردووە بۆیان دەرکەوتووە ژمارەی ئەو منداڵانەی بە کۆنیشانەی داون لەدایکدەبن کەمیکردووە.
پزیشکانی نەخۆشخانەی ماساچیوستس هۆکاری کەمبوونی کۆنیشانەی داون دەگەڕێنەوە بۆ ئەنجامدانی پشکنینەکانی پێش لە دایکبوون و زووتر دەستنیشانکردنیان.
لە توێژینەوەکەدا هاتووە رێژەی لەدایکبوونی کۆرپە بە کۆنیشانەی داون ٪54 کەمیکردووە، هۆکاری ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەنجامدانی پشکنین لە سەرەتاکانی دووگیان، هەروەها لە بەشێکی دیکەی توێژینەوەکە باس لەوەکراوە بەشێکی خانمانی ئەوروپا کە دووگیان دەبن و پشکنین دەکەن و دەردەکەوێت منداڵەکەیان داونی هەیە بڕیاری لەباربردنی دەدەن بە جۆرێک لە ساڵانی 2011-2015 لە وڵاتانی باشووری ئەوروپا رێژەی لەباربردنی منداڵ ٪71 بووە. هەرچەندە یاسای لەباربردنی منداڵ لە وڵاتێک بۆ یەکێکی دیکە جیاوازە.