لە ژاپۆن جۆرە گرووپێکی خوێنی ''جۆکەر'' دروست دەکرێت

رووداو - تەندروستی

توێژەرانی زانکۆی پزیشکیی نارا لە ژاپۆن خوێنی دەستکرد دروست دەکەن کە بۆ هەموو جۆرە گرووپێکی خوێن گونجاو بێت و دەتواندرێت بدرێت بە هەموو گرووپێک واتا گرووپێکی خوێنی جۆکەرە.
 
تیمێک لە توێژەرانی ژاپۆنی بە سەرۆکایەتیی پڕۆفیسۆر د. هیرۆمی ساکای لە زانکۆی پزیشکیی نارا، جۆرێکی نوێی خوێنی دەستکردیان پەرەپێداوە کە دەتوانرێت بۆ نەخۆشانی هەموو جۆرەکانی خوێن بەکاربهێنرێت، بەم هۆیەشەوە لەکاتی بەکارهێنان پێویست بە پشکنین ناکات.
 
ئەم خوێنە دەستکردە لەڕێگەی دەرهێنانی هیمۆگلۆبین لە خوێنی بەخشەر دروست دەکرێت. پاشان هیمۆگلۆبینەکە دەخرێتە نێو بەرگێکی پارێزەرەوە بۆ دروستکردنی خڕۆکەی سووری دەستکردی خوێن. 
 
پرۆفیسۆر د. هیرۆمی ساکای، سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە لە زانکۆی پزیشکیی نارا دەڵێت: ئەم خوێنە دەستکردە دەتوانرێت تا دوو ساڵ لە پلەی گەرمیی ژووردا و پێنج ساڵ لەنێو ساردکەرەوەدا هەڵبگیرێت. بەڵام خڕۆکە سوورەکانی خوێنی بەخشراوی کەسێک، تەنیا بۆ ماوەی 42 رۆژ لەنێو ساردکەرەوەدا هەڵدەگیرێن.
 
پرۆفیسۆر د. هیرۆمی دەشڵێت: دەستکراوە بە پێدانی نێوان 100 بۆ 400 ملیلیتر لە گیراوەی خڕۆکە سوورە دەستکردەکانی خوێن بە خۆبەخشەکان و ئامانج ئەوەیە کە خڕۆکە سوورە دەستکردەکانی خوێن تاوەکو نزیکەی ساڵی 2030 بخرێنە بواری بەکارهێنانی کردارییەوە.