زانکۆی ئۆکسفۆرد: هیچ بڕێکی خواردنەوە کحولییەکان سەلامەت نییە بۆ مێشک
رووداو- دیجیتاڵ
پزیشکانی زانکۆی ئۆکسفۆرد رایدەگەیێنن خواردنەوەی هەر بڕێک لە کحول مەترسیی لەسەر مێشک دروستدەکات.
پزیشکانی زانکۆی ئۆکسفۆرد توێژینەوەیەکیان ئەنجامداوە لەبارەی کاریگەرییەکانی کحول لەسەر مێشک و بۆیان دەرکەوتووە خواردنەوەی تەنانەت بڕێکی کەمی کحولیش مەترسییە بۆ سەر مێشک.
د. ئانیا تۆپیوالا، پسپۆڕی نەخۆشیی دەروونییەکان و سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە دەڵێت، بۆمان دەرکەوتووە کحول کاردەکاتە سەر ماددەی خۆڵەمێشی مێشک و بچووکی دەکاتەوە، تاوەکو کەسێک زیاتر کحول بخواتەوە مەترسییەکە لەسەری زیاتردەبێت.
پزیشکانی زانکۆی ئۆکسفۆرد کە توێژینەوەکەیان لەسەر 25 هەزار کەس ئەنجامداوە دەڵێن، هەندێ کەس پێیانوایە بڕێکی کەمی کحول دەخۆنەوە و ئەمە مەترسیی لەسەر تەندروستییان نییە، بەڵام پێویستە بزاندرێت کە هیچ بڕێکی خواردنەوە کحولییەکان سەلامەت نییە و مەترسییە لەسەر مێشک و لە داهاتوودا ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشییەکانی لەبیرچوونەوە زیاددەکات.