رووداو- دیجیتاڵ
قۆخ، یەکێکە لەو میوە هاوینیانەی کە خواستێکی زۆری لەسەرە بەهۆی تامە خۆشەکەی، لەهەمانکاتدا بەهۆی دەوڵەمەندی بە ڤیتامین و کانزاکان یەکێکە لە میوە هەرە تەندروستەکان بۆ جەستە.
ئەمانە هەندێ سوودی قۆخن:
پێست جوانتردەکات
بەهۆی بوونی بڕێکی زۆری دژەئۆکسێنەکان لەنێو قۆخدا کە بە (فڵاڤۆنیدەکان) ناسراون و هەروەها بوونی بڕێکی زۆری ڤیتامین A و C لە پێکهاتەکەیدا، یارمەتیدەرە لە پاراستنی پێست لە پیربوون و چرچولۆچ بوونی پێست، بۆیە خواردنی قۆخ پێست بە گەنجی و شێداری دەهێڵێتەوە.
بۆ دابەزاندنی کێش بەسوودە
قۆخ کالۆرییەکی کەمی تێدایە، میوەیەکە دەوڵەمەندە بە ئاو و ریشاڵە خۆراکییەکان کە ئەمەش هەستی تێربوون دەبەخشێت و برسیبوون کەمدەکاتەوە، بەمەش رێگە لە زۆرخۆری دەگرێت.
پەستانی خوێن رێکدەخات
پۆتاسیۆم کانزایەکی گرنگە بۆ رێکخستنی پەستانی خوێن، لەنێو قۆخدا بڕێکی زۆری پۆتاسیۆم هەیە، ئەمەش وایکردووە خواردنی لەلایەن ئەوانەی نەخۆشیی بەرزەپەستانی خوێنیان هەیە رۆڵی هەبێت لە کەمکردنەوەی پەستانی خوێنیان، پۆتاسیۆم یارمەتی خاوبوونەوەی لوولەکانی خوێندەدات هەر بەم میکانیزمەش دەبێتەهۆی رێکخستنی پەستانی خوێن، جگەلەمەش بەهۆی دژەئۆکسێنەکانی نێو قۆخ کۆڵیسترۆلی زیانبەخش کەمدەکاتەوە و دڵ دەپارێزێت.
کۆئەندامی هەرس دەپارێزێت
بوونی ریشاڵی خۆراکی لەنێو پێکهاتەی قۆخدا وایلێدەکات یەکێک بێت لەو میوانەی گرفتەکانی کۆئەندامی هەرس لەوانەش قەبزی کەمبکاتەوە و فرمانی ریخۆڵەکان باشتربکات و هاوسەنگی شلەکانی جەستەش رابگرێت.
بینایی بەهێزدەکات
قۆخ بە بێتا کارۆتینەکان دەوڵەمەندە، ئەمانەش لە جەستەدا دەگۆڕدرێن بۆ ڤیتامین A، ئەم ڤیتامینەش رۆڵی هەیە لە پاراستنی چاوەکان، کەمی بێتا کارۆتینەکان لە جەستەدا یەکێکە لە هۆکارەکانی کوێربوون، بۆیە وەرگرتنی لەرێگەی خۆراکی تەندروست و لەنێویشیاندا قۆخ یەکێکە لەو رێگەیانەی دەتوانین مەترسیی تووشبوونمان بە نەخۆشییەکانی چاوی پەیوەست بە پیربوون کەمبکەینەوە.
بۆ خانمانی دووگیان بەسوودە
خانمان بەهۆی ئەو گۆڕانکارییانەی لەماوەی دووگیانیدا روودەدات زیاتر تووشی قەبزی دەبن، بۆیە خواردنی قۆخ لەماوەی دووگیانیدا یارمەتی خانمان دەدات لە کەمکردنەوەی گرفتەکانی کۆئەندامی هەرس بەگشتی و قەبزی بەتایبەتی.
سوودەکانی دیکەی قۆخ:
- پاراستنی مێشک و دەمار و کەمکردنەوەی گوشاری دەروونی بەهۆی بوونی پۆتاسیۆم تیایدا.
- سیستەمی بەرگری جەستە بەهێزدەکات چونکە ڤیتامین C و زینکی تێدایە.
- بەهۆی بوونی کالیسیۆم و فسفۆر، قۆخ یارمەتیدەرە لە بەهێزکردنی ئێسک و ددانەکان.
- جگەر و گورچیلەکان لە ماددە ژەهراوییەکان پاکدەکاتەوە و فرمانیان باشتردەکات.
- مەترسیی کەمخوێنی کەمدەکاتەوە بەهۆی دەوڵەمەندی بە ماددەی ئاسن.
پێکهاتەکانی نێو 100 گرام لە قۆخ
100 کیلۆکالۆری
88.3 گرام ئاو
0.91 گرام پرۆتین
10.1 گرام کاربۆهێدرات
0.27 گرام چەوری
1.5 گرام ریشاڵی خۆراکی
4 میلیگرام کالیسیۆم
0.34 میلیگرام ئاسن
8 میلیگرام مەگنیسیۆم
22 میلیگرام فسفۆر
122 میلیگرام پۆتاسیۆم
0.23 میلیگرام زینک
2.1 مایکرۆگرام سیلینیۆم
4.1 میلیگرام ڤیتامین C
24 مایکرۆگرام ڤیتامین A
3 مایکرۆگرام ڤیتامین K
6 مایکرۆگرام فۆلیک ئەسید
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ