رووداو - تەندروستی
هەرچەندە هەوڵەکان بۆ هاندانی شیرپێدانی سرووشتی زۆرجار روویان لە دایکانە، بەڵام توێژینەوەیەکی نوێ دەریخستووە کە بەشداریکردنی باوکان لەم پرۆسەیەدا دەتوانێت یارمەتیدەرێکی گەورە بێت.
توێژینەوەکە، لە زانکۆی ناپۆلی لە ئیتاڵیا کراوە و دەرکەوتووە ئەو دایکانەی هاوژینەکانیان راوێژیان لەبارەی شیرپێدانەوە وەرگرتووە، بۆ ماوەیەکی درێژتر بەردەوام بوون لە پێدانی شیری سرووشتی بە منداڵەکانیان.
لە توێژینەوەکەی زانکۆی ناپۆلی لە ئیتاڵیا، نیوەی باوکانی بەشداربوو لە توێژینەوەکەدا فێرکران چۆن مامەڵە لەگەڵ کێشە شیرپێداندا بکەن، لەوانە ناڕەحەتی، ترسی دایکەکە لەوەی شیری بەشی منداڵەکەی ناکات، هەروەها سەختیی بەردەوامبوون لەسەر شیرپێدان دوای گەڕانەوە بۆ سەر کار، لە ئەنجامدا، چارەکێکی ئەو دایکانەی هاوژینەکانیان راهێنانیان پێکرابوو، تاوەکو تەمەنی شەش مانگیی منداڵەکانیان بەشێوەیەکی سەرەکی یان تەواوەتی شیری خۆیان پێدەدان.
دکتۆر ئەلفرێدۆ پیساکانی سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە لە زانکۆی ناپۆلی لە ئیتاڵیا، دەڵێت "نزیکەی دوو لەسەر سێی ژنانی هەردوو گرووپەکە رایانگەیاند کە تووشی هەندێک سەختی بوون لە کاتی شیرپێداندا، بەڵام جیاوازییەکە لە جۆری کێشەکان و ئاستی ئەو پشتیوانییەدا بوو کە لە هاوژینەکانیانەوە وەریانگرتبوو"
لە توێژینەوەکەی تیمەکەیدا، نیوەی باوکان بەشدارییان لە خولێکی راهێنانی 40 خولەکیدا کرد لەگەڵ مامانێکدا، کە فێری کردن بۆچی شیری دایک باشترین خۆراکە بۆ منداڵی ساوا، هەروەها چۆنیەتیی خۆپاراستن و چارەسەرکردنی هەندێک لەو کێشانەی کە لە کاتی شیرپێداندا روودەدەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ