د. تەها مەحوی: گیادەرمانی نەخۆشیی شەکرە چارەسەر ناکات
رووداو- تەندروستی
بۆ یەکەمجار، کۆنفرانسی نێودەوڵەتیی پزیشکیی هەناو لە شاری سلێمانی بە بەشداریی ژمارەیەک پزیشکی هەرێمی کوردستان و عێراق دەستیپێکرد، کۆنفرانسەکە بۆ ماوەی دوو رۆژ بەردەوام دەبێت و تێیدا پزیشکان نوێترین زانیارییە پزیشکییەکان ئاڵوگۆڕ دەکەن.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 4-9-2025 د. تەها مەحوی، سەرۆکی کۆنفرانسی نێودەوڵەتیی هەناو بە رووداوی راگەیاند، "ئەم کۆنفرانسە تایبەتە بە نەخۆشییە هەناوییەکان و رێکخستنی ئەم جۆرە کۆنفرانسانە زۆر گرنگە، چونکە وادەکات پزیشکان زیاتر لێک نزیک ببنەوە و زانیارییە پزیشکییەکان ئاڵوگۆڕ بکەن، هەروەها هۆشیارییەکی تەندروستییە بۆ خودی پزیشکان."
سەرۆکی کۆنفرانسەکە ئاماژەی بەوەشکرد، "ئاستی پزیشکانی کورد لە ئاستێکی زۆر باشدایە و دەتوانین کۆرۆنا وەکو نمونە بهێنینەوە کە پزیشکانی کورد بە سەرکەوتووی کۆتایان پێهێنا."
لەبارەی باوترین ئەو هەڵەتێگەیشتنانەی لەنێو هاونیشتمانییان باوە ، د. تەها مەحوی هۆشداریدا و گوتی، "گیادەرمانی نەخۆشیی شەکرە چارەسەر ناکات."