دوای بەدواداچوونی رووداو، ئامێرێک بۆ سەنتەری شووشتنی گورچیلەی کۆیە دابینکرا
رووداو- تەندروستی
دوای ئەوەی تۆڕی میدیایی رووداو کێشەی کەمیی ئامێری لە سەنتەری گورچیلەی دەستکرد لە کۆیە خستەڕوو، لەسەر ئەرکی خێرخوازان ئامێرێک بۆ سەنتەرەکە دابینکرا، بەڵام بەڕێوەبەری سەنتەرەکە دەڵێت، هێشتا پێویستیان بە 6 ئامێری دیکە هەیە و داوای پاڵپشتیی لە حکومەت دەکات.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 4-9-2025 عەبدوڵڵا محەممەد، بەڕێوەبەری سەنتەری گورچیلەی کۆیە بە رووداوی رایگەیاند، "ئامێری سەنتەری گورچیلەی دەستکرد لە کۆیە لەلایەن خێرخوازانەوە دابین کراوە، بە دابینکردنی ئامێری شووشتنەوەی گورچیلە کێشەکانمان بە رادەیەکی بەرچاو کەم بووەتەوە."
بەڕێوەبەری سەنتەرەکە ئاماژەی بەوەشکرد، "بە خێرخوازی کێشەکانمان چارەسەر نابێت و دەبێت حکومەت پاڵپشتیمان بکات."
سەبارەت بە ژمارەی نەخۆشان و پێداویستییەکانیان، عەبدوڵڵا محەممەد گوتی، "ژمارەی نەخۆشیی شووشتنەوەی گورچیلە بۆ 35 کەس بەرزبووەتەوە. ئێستا 6 ئامێری شووشتنەوەی گورچیلەمان هەیە، بەڵام پێویستیمان بە 12 ئامێرە."