وەک ئەوەی پووتین گوتی، مرۆڤ دەتوانێت 150 ساڵ بژی؟

04-09-2025
بڕوا فەرهاد
A+ A-
رووداو - تەندروستی

لە میانەی بەڕێوەچوونی نمایشێکی سەربازیدا لە پەکین، گفتوگۆیەک لەنێوان ڤلادیمیر پووتین سەرۆکی رووسیا و شی جینپینگ، سەرۆکی چین بووە جێی باس، لە بەشێکی گفتوگۆکەدا، وەرگێڕی شی جینپینگ دەڵێت، "دەرفەتی ئەوە هەیە لەم سەدەیەدا مرۆڤ تاوەکو 150 ساڵ بژیێت."
 
لە بەرامبەردا، وەرگێڕی پووتین دەڵێت، "لەگەڵ گەشەسەندنی تەکنەلۆژیای بایۆلۆژیدا، ئەندامەکانی جەستەی مرۆڤ دەتوانرێت بەردەوام بچێندرێنەوە، خەڵکی دەتوانن گەنجتر و گەنجتر بژین و تەنانەت بگەن بە نەمری."
 
 پرسیارە سەرەکییەکە ئەوەیە: ئایا بنەمایەکی زانستی لە پشت ئەم گفتوگۆیە هەیە؟
 
چاندنی ئەندامەکان ژیان درێژ دەکاتەوە، بەڵام نەمریی ناداتێ، بەگوێرەی ناوەندی خزمەتگوزاریی تەندروستیی نیشتمانی لە بەریتانیا لە ماوەی 30 ساڵی رابردوودا زیاتر لە 100 هەزار کەس بەهۆی ئەم نەشتەرگەرییەوە لە مردن رزگاریان بووە، پێشکەوتنە بەردەوامەکانی پزیشکی و تەکنەلۆژیاش وایانکردووە کە ئەندامە چێندراوەکان بۆ ماوەیەکی زۆر درێژتر لە جاران کار بکەن، هەندێک نەخۆش گورچیلەیەکی چێندراویان هەیە کە بۆ ماوەی زیاتر لە 50 ساڵ بە باشی کاری کردووە، بەڵام تەمەنی هەر ئەندامێکی چێندراو سنووردارە و پشت دەبەستێت بە تەندروستیی بەخشەر و وەرگر، هەر بۆ نموونە بە گوێرەی زانکۆی شێفیڵد لە بەریتانیا: 
 
گورچیلە: ئەگەر لە بەخشەرێکی زیندووەوە وەربگیرێت، رەنگە 20 بۆ 25 ساڵ کار بکات، ئەگەر لە بەخشەرێکی مردوو بێت ماوەکە بۆ 15 بۆ 20 ساڵ کەم دەبێتەوە.
 
جگەر: بە نزیکەیی 20 ساڵ کار دەکات.
 
دڵ: نزیکەی 15 ساڵ.
 
سییەکان: نزیکەی 10 ساڵ.
 
ئاستەنگەکانی بەردەم خەونی نەمریی چین؟
 
مەترسیی نەشتەرگەری: هەر نەشتەرگەرییەک مەترسیی خۆی هەیە و ئەنجامدانی چەندین نەشتەرگەریی گەورە، ژیانی نەخۆش دەخاتە مەترسییەوە.
 
رەتکردنەوەی ئەندام: سیستمی بەرگریی جەستە هەمیشە هەوڵ دەدات ئەندامە نامۆکە (چێندراوەکە) رەتبکاتەوە، بۆ رێگریکردن لەمە نەخۆش دەبێت تا کۆتایی ژیانی دەرمانی دژەرەتکردنەوە (immunosuppressants) بەکاربهێنێت. ئەم دەرمانانەش کاریگەریی لاوەکیی مەترسیداریان هەیە، وەک بەرزەپەستانی خوێن و زیادکردنی مەترسیی تووشبوون بە هەوکردن.
 
دوو رێگەچارە هەیە بۆ تێپەڕاندنی ئەم دوو ئاستەنگییە:
 
چاندنی ئەندام لە ئاژەڵەوە (Xenotransplantation): زانایان هەوڵ دەدەن ئەندامی بەرازی بۆماوەی گۆڕاو بەکاربهێنن. بە بەکارهێنانی تەکنیکی "کریسپەر" (CRISPR)، هەندێک جینی بەراز لادەبەن و جینی مرۆڤی بۆ زیاد دەکەن تاوەکو لەگەڵ جەستەی مرۆڤدا بگونجێت. تا ئێستا چاندنی دڵ و گورچیلەی بەراز بۆ دوو نەخۆش ئەنجام دراوە، هەرچەندە هەردووکیان دواتر گیانیان لەدەستدا، بەڵام ئەمە هەنگاوێکی گرنگ بوو لەم بوارەدا.
 
پەروەردەکردنی ئەندام بە خانە بنەڕەتییەکانی مرۆڤ (Stem Cells): خانە بنەڕەتییەکانی مرۆڤ توانای ئەوەیان هەیە بگۆڕێن بۆ هەر جۆرە خانە و شانەیەکی جەستە، زانایان لە هەوڵی ئەوەدان کە ئەندامی تەواو لە تاقیگەدا بە بەکارهێنانی خانەی قەدیی خودی نەخۆشەکە دروست بکەن. ئەمە دەبێتە هۆی ئەوەی کە جەستە ئەندامەکە رەتنەکاتەوە.
 
پرۆفیسۆر نیڵ مابۆت، لە پەیمانگەی رۆزلین لە بەریتانیا دەڵێت:" ئەگەر بتوانین هەموو ئەندامەکانمان بگۆڕین، هێشتا جەستە پیردەبێت"
پرۆفیسۆر نیڵ مابۆت گوتی" بە تێپەڕبوونی کات، جەستەمان توانای بەرەنگاربوونەوەی هەوکردن، چاکبوونەوەی لەدەست دەدات و لاوازتر دەبێت، گوشار و ئازاری نەشتەرگەرییەکی گەورەی وەک چاندنی ئەندام، بۆ جەستەیەکی بەساڵاچوو زۆر قورسە".
 
 پیرترین مرۆڤی تۆمارکراو ژنێکی فەرەنسی بووە بە ناوی جین کالمنت، کە 122 ساڵ ژیاوە. زانکۆی شاهانە لە بەریتانیا ئاماژە بەوەدەکات  تەمەنی مرۆڤ رەنگە بگاتە نزیکەی 125 ساڵ بێت. بۆیە گرنگە رەچاوی ژیانێکی تەندروست بکرێت بۆ ئەوەی تەمەن درێژبێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە