مۆدێلێکی نوێی چاودێریی دووگیانی کاتی زیاتر بۆ دایکان دابین دەکات

04-10-2025
بڕوا فەرهاد
A+ A-
رووداو - تەندروستی

پسپۆڕان زانکۆی میشیگن لە ئەمریکا بە رێگەیەکی نوێ، چاودێریی تەندروستیی خانمانی دووگیان دەکەن، بەناوی "چاودێریی دووگیانیی سەنتەرکراو"، کە ئەگەری لەدایکبوونی منداڵی پێشوەختە کەم دەکاتەوە.
 
ئەم رێگایە کە جێگرەوەی سەردانی ئاسایی و تاکەکەسیی پزیشکە و تێیدا خانمان لەگەڵ گرووپێکی 8 بۆ 12 کەسیی دیکەی دووگیان پێکەوە چاودێری وەردەگرن.
 
زانکۆی میشیگن لە ئەمریکا، دەریخستووە ئەو خانمانەی بەشداری لەم جۆرە چاودێرییەدا دەکەن، ئەگەری لەدایکبوونی منداڵی پێشوەختەیان کەمترە، زیاتر پابەندی سەردانەکانیان دەبن و ئامادەیی زیاتریان بۆ شیردانی سرووشتی دەبێت.
 
زانکۆکە، ئاماژە بەوەدەکات ئەم شێوازە چاودێرییە لەلایەن پزیشک یان مامانی پسپۆڕەوە بەڕێوەدەچێت و نزیکەی 10 سەردانی 2 کاژێری لەخۆدەگرێت. لە هەر سەردانێکدا، خانمانی دووگیان بە شێوەیەکی تایبەت و یەک بە یەک لەلایەن پزیشکەوە دەبینرێن و پشکنینیان بۆ دەکرێت، دواتریش لەگەڵ گرووپەکە بەشداری لە گفتوگۆیەکی کراوەدا دەکەن دەربارەی بابەتە گرنگەکانی وەک خۆراکی تەندروست، وەرزشکردن، کەمکردنەوەی دڵەڕاوکێی و ئامادەکاری بۆ منداڵبوون.
 
زانکۆی میشیگن لە ئەمریکا ئاشکرای دەکات، یەکێک لە سوودە سەرەکییەکانی ئەم مۆدێلە ئەوەیە کە خانمان 10 هێندەی شێوازی چاودێریی کلاسیک کاتی زیاتریان لەگەڵ پزیشکەکەیان دەبێت. هەروەها، بوونیان لەگەڵ خانمامی دیکەی دووگیان هەستی تەنهایی ناهێڵێت و دەرفەتیان پێدەدات ئەزموونەکانیان لەگەڵ یەکدی بگۆڕنەوە و تۆڕێکی پشتیوانیی بەهێز دروست بکەن.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە