چارەنووسی بڕیارەکەی وەزارەتی تەندروستی لەسەر تاقیگەکان چی لێهات؟
رووداو - تەندروستی
لەبارەی بڕیارە نوێیەکەی وەزارەتی تەندروستی بۆ پێدانی تاقیگە حکومییەکان بە کەرتی تایبەت تەندروستیی دهۆک رایدەگەیێنێت، رادەستکردنی تاقیگە حکومییەکان بە کۆمپانیای تایبەت لە قازانجی هاووڵاتییانە، بەڵام بەڕێوەبەری تەندروستیی هەڵەبجە دەڵێت: جێبەجێکردنی ئەم بڕیارە زیان بە داهاتی گشتی دەگەیێنێت.
هەر یەکە لە بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی دهۆک و هەڵەبجە لە بارەی رادەستکردنی تاقیگە حکومییەکان بە کۆمپانیای تایبەت رای پێچەوانەیان هەیە؛ د. ئافراسیاب موسا، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی دهۆک، بە رووداوی راگەیاند، ئەم پلانە لە قازانجی هاووڵاتییانە، بەڵام ئێستا راگیراوە و لیژنەیەک لە وەزارەتی تەندروستی تەرخانکراوە بۆ یەکلاییکردنەوەی ئەم بابەتە.
بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی دهۆک پێیوایە، ئەگەر تاقیگە حکومییەکان بدرێنە ئەو کۆمپانیا تایبەتە، پشکنینە تاقیگەییەکان لە هەموو نەخۆشخانە حکومییەکان بەردەست دەبن و کۆمپانیاکە خۆی ئامێرەکان، کیتی پشکنینەکان و مادەکانیش دابیندەکات.
د. ئەفراسیاب گوتیشی، نرخەکانی هەمان نرخی پێشوو دەبێت کە لە نەخۆشخانە حکومییەکان هەیە.
لە بەرامبەردا د. ئازاد مستەفا، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی هەڵەبجە دەڵێت: ''پێدانی تاقیگەکان بە یەک کۆمپانیای تایبەت، زیانێکی گەورە لە داهاتی گشتی دەدات و ئێمە هیچ جۆرێک ناچینە ژێر ئەو بڕیارە و بزنسمانێک دەوڵەمەند ناکەین''.
بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی هەڵەبجە ئاماژە بەوەش دەکات، ساڵی 2023، 123 ملیۆن دینار بۆ هەموو تاقیگەکانی هەڵەبجە خەرجکراوە، بەڵام بەگوێرەی ئەم گرێبەستە نوێیە دەبێت حکومەت 1 ملیار و 148 ملیۆن دینار خەرجبکات، بەواتای ئەوە دێت نزیکەی 10 ئەوەندەی ئەو داهاتەیە کە ئێستا خەرجدەکرێت.
د. هێرش سەید سەلیم، جێگری بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی سلێمانی دەڵێت: پێدانی تاقیگە حکومییەکان بە کۆمپانیای تایبەت، تائێستا هەر وەکو خۆی ماوەتەوە و وەزارەتی تەندروستی نەچۆتە ژێر باری رەتکردنەوەی گرێبەستەکە.