گەنجێک لە بەریتانیا بەهۆی خواردنی عەلی باباوە ژیانی دەکەوێتە مەترسییەوە

رووداو - تەندروستی

کریس بروکس تەمەنی 28 ساڵە و هەستیارییەکی تووندی بە عەلی باباوە هەیە، دوای بەشداریکردنی لە توێژینەوەیەک توانرا، هەستیارییەکەی کریس چارەسەر بکرێت.
 
کریس کە پێشان هەستیار بوو بە عەلی بابا، ئێستا هیچ کێشەیەکی نییە، چونکە لە ژێر چاودێری پزیشکان، کریس دەستیکرد بە خواردنی بڕێکی زۆر کەم لە عەلی بابا پاشان بەرەبەرە بڕەکەی زیاد کرا هەتا گەیشتە خواردنی عەلی بابای تەواو.
 
کۆتا جار کریس 10 ساڵ لەمەوپێش خراپترین کاردانەوەی هەستیاری تووش بوو کاتێک "کاری مریشکی" لە رێستۆرانتێکی هیندی داوا کرد. کریس دەڵێت؛ "دوای یەکەم پاروو زانیم خەریکە تووشی کێشە دەبم. خاڵی سوور لەسەر لێوەکانم دەرکەوتن، دەستم کرد بە ڕشانەوە و قوڕگم داخرا. پەڵەی سوور لە سەرتاپای جەستەم دەرکەوت و دەموچاوم ئاوسا. وام زانی دەمرم."
 
10 ساڵ دوای ئەو رووداوە کاتێک کریس لە لەندەن، بەشداری تاقیکردنەوەیەکی کلینیکی کرد، ژیانی گۆڕا. ئەم تاقیکردنەوەیە بۆ چارەسەرکردنی هەستیاری عەلی بابا بوو لەڕێگەی راهێنانی جەستە بۆ قبوڵکردنی.
 
لە کۆتایی توێژینەوەکەدا کە نۆ مانگی خایاند، کریس و 13 نەخۆشی دیکە توانیان بڕێک بخۆن یەکسان بە پێنج دانە عەلی بابا بەبێ هیچ کاردانەوەیەک. ئێستا کریس هەموو بەیانیەک چوار دانە عەلی بابا لەگەڵ ژەمی بەیانیاندا دەخوات و دەڵێت " چیتر ترسم لە مردن نیە."