ئۆمێگا سێ نۆرەکانی شەقیقە کەمدەکاتەوە

رووداو- دیجیتاڵ

توێژینەوەیەکی نوێ دەریخستووە خواردنی ئەو خۆراکانی بە چەوریی ئۆمێگا سێ دەوڵەمەندن یارمەتیدەرن بۆ ئەوانەی تووشبووی شەقیقەن.


توێژینەوەیەکە لە جۆرناڵی BMJ بڵاوکراوەتەوە و تێیدا ئاماژە بە سوودی ئۆمێگا سێ لەسەر کەمکردنەوەی نۆرەکانی شەقیقە کراوە.

پزیشکان توێژینەوەکەیان لەسەر 182 کەس ئەنجامداوە کە تووشبووی شەقیقەبوون، پزیشکان بۆیان دەرکەوتووە ئەوانەی چەورییە سوودبەخشەکان زیاتر دەخۆن نۆرەکانی شەقیقەیان لە مانگێکدا بۆ دوو بۆ چوار جار کەمدەکات.

جگە لە سوودەکانی ئۆمێگا سێ بۆ تووشبووانی لاسەرئێشە، پزیشکان دەڵێن ئۆمێگا سێ پەستانی خوێن رێکدەخات بەمەش رۆڵی هەیە لە پاراستنی دڵ و تەنانەت مەترسیی خەمۆکیش کەمدەکاتەوە.

ئۆمێگا سێ، چەورییەکی سوودبەخشی ناتێرە، کە جەستە ناتوانێت دروستی بکات و دەبێت لە سەرچاوە دەرکییەکان وەربگیرێت، بۆنموونە لەرێگەی خواردنی گۆشتی ماسی یان گوێز.