توێژینەوەیەک: خانمان بە نەشتەرگەری منداڵیان ببێت، کێشەی کەمیی شیریان دەبێت

رووداو - تەندروستی

بەگوێرەی توێژینەوەیەک لە کەنەدا، ئەو خانمانەی بە نەشتەرگەری منداڵیان دەبێت، ئەگەری ئەوەیان دوو هێندە زیاترە کە رووبەڕووی کێشەی کەمیی شیری دایک ببنەوە لە ماوەیەکی کەمدا لەپاش منداڵبوون.
 
توێژینەوەکە لە زانکۆی کەلگاری ئەنجامدراوە و ئاشکرای دەکات، نەشتەرگەریی منداڵبوون، چ بە شێوەی پلان بۆ داڕێژراو یان کتوپڕ، کاریگەرییەکی بەرچاوی لەسەر پڕۆسەی شیرپێدانی دایک هەیە.
 
د. جۆیس سینگ، سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە دەڵێت: لە منداڵبوونی سرووشتیدا، جەستە زنجیرەیەک هۆرمۆن دەردەدات کە یەکسەر هانی بەرهەمهێنانی شیر دەدەن، بەڵام لە نەشتەرگەریدا ئەم پڕۆسەیە رەنگە خاوتر بێت.
 
د. جۆیس دەشڵێت، ئەو دەرمانانەی بۆ سڕکردن لەکاتی نەشتەرگەریدا بەکاردەهێنرێن، رەنگە ببنە هۆی ئەوەی کۆرپەلە لە کاژێرەکانی یەکەمدا کەمێک خەواڵوو بێت و توانای مژینی بەهێزی نەبێت. ئەمەش وا دەکات هاندانی مەمکی دایک بۆ بەرهەمهێنانی شیر کەمتر بێت.