پسپۆڕێکی شێرپەنجە: پشکنینی پێشوەختە ئەگەری چاکبوونەوەی شێرپەنجەی مەمک 100٪ زیاد دەکات

رووداو - تەندروستی

پسپۆڕێکی شێرپەنجە و نەشتەرگەریی شێرپەنجەی مەمک ئاماژەی بەوە کرد، پشکنینی پێشوەختە بۆ شێرپەنجەی مەمک زۆر گرنگە و ئەگەر لە قۆناخی سەرەتاییدا نەخۆشییەکە دەستنیشان بکرێت، رێژەی چارەسەرکردنی دەگاتە 100%،  هاوکات جەختی لە گرنگیی پشتگیریی دەروونی و چاودێریی دوای نەشتەرگەری کردەوە.
 
ئەمڕۆ یەکشەممە 5-10-2025 د. نەریمان محەممەد، پزیشکی پسپۆڕی شێرپەنجە و نەشتەرگەریی شێرپەنجەی مەمک لە بوڵتەنی تەندروستی رایگەیاند پشکنینی پێشوەختە کلیلی سەرکەوتنە بەسەر نەخۆشییەکەدا و گوتی، "ئەگەر لە قۆناخی سەرەتایی نەخۆشەکە دیاری بکرێت، ئەوە رێژەی چارەسەرکردنی شێرپەنجە زۆرە، بەجۆرێک قۆناخی سفر 100% چارەسەر دەکرێت، قۆناخی یەک 98% و قۆناخی دوو 95% چاک دەبێتەوە، بۆیە پێویستە خانمان زۆر گرنگی بە پشکنینی پێشوەختە بدەن."
 
ئەو پزیشکە پسپۆڕە باسی لەوەش کرد لە کوردستان هەوڵ دەدرێت هەموو مەمکەکە لانەبرێت بۆ کەمکردنەوەی کاریگەرییە دەروونییەکان لەسەر نەخۆشەکە. هەروەها روونیکردەوە، "زۆربەی کات چارەسەری شێرپەنجەی مەمک بەشێوەی کیمیایی دەبێت، تەنانەت ئەگەر هەموو مەمکەکەش لاببرێت، لەوانەیە نەخۆش پێویستی بە وەرگرتنی چارەسەری کیمیایی هەبێت."
 
سەبارەت بە قۆناخی دوای نەشتەرگەری، د. نەریمان محەممەد رێنمایی دا کە "گرنگترین کار ئەوەیە وەرزش بکرێت، بەڵام پێویستە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان کەم بکرێنەوە، واتا باوەش و ماچ نەبێت. هەروەها نابێت ئەڵقە، بازن و کاتژمێر لەو دەستە بکرێت کە نەشتەرگەرییەکەی بۆ کراوە، چونکە ئەگەری ئاوسانی بنباڵی هەیە."
 
لە کۆتاییدا، د. نەریمان جەختی لەوە کردەوە کە پێویستە لە رووی دەروونییەوە پشتگیرییەکی تەواو لە تووشبووانی شێرپەنجەی مەمک بکرێت بۆ ئەوەی بتوانن بەسەر نەخۆشییەکەدا زاڵ بن.