زانکۆی واشنتن: نزیکبوونەوەی مانگ لە زەوی گوشاری دەروونی دروست ناکات

رووداو - تەندروستی

ئەمشەو، مانگ بە گەورەترین و درەوشاوەترین مانگی ساڵ دادەنرێت و لە نزیکترین خاڵی دەبێت لە زەوییەوە کە 240 هەزار مایەڵ لە دوورە . درەوشانەوەی هێندە بەهێزە کە تەنانەت دەتوانێت سێبەرێکی کاڵیش لەسەر زەوی دروست بکات کە ئەمە دیاردەیەکی دەگمەن کە تەنها لە کاتی بەهێزترین سوپەرموونەکاندا بەدی دەکرێت.
 
بۆ سەدان ساڵە، باوەڕێکی باو هەیە کە مانگی چواردە کاریگەری لەسەر هەموو شتێک هەیە، لە خەو و باری دەروونییەوە تا تەندروستیی دڵ. بەڵام ئایا زانست ئەمە پشتڕاست دەکاتەوە؟
 
بەپێی توێژینەوە زانستییەکان، کاریگەریی مانگی چواردە لەسەر مرۆڤ زۆر کەمترە لەوەی لەناو خەڵکدا باوە. توێژینەوەیەک لە ئەمریکا لە زانکۆی واشینگتۆن، دەریکخستووە کە خەڵک لە ماوەی پێنج شەو پێش مانگی چواردەدا درەنگتر خەویان لێدەکەوێت و بە گشتی کەمتر دەخەون. ئەم کاریگەرییەش لەو شوێنانەدا زیاتر بووە کە رووناکیی دەستکردیان کەمترە.
 
لە بواری تەندروستیی دڵ و خوێنبەرەکانیشدا، توێژینەوەیەک لە زانکۆی بەسیرەت لە هیندستان دەرخستووە، مانگی چواردە گۆڕانکارییەکی کەمی لە ئاستی شەکری خوێن و لێدانی دڵدا کردووە، بەڵام کاریگەریی لەسەر فشاری خوێن نەبووە. هەروەها سەبارەت بە تەندروستیی دەروونی، زانست هیچ پەیوەندییەکی بەهێزی نەدۆزیوەتەوە.
 
بە کورتی، زۆربەی ئەو باوەڕانەی کە مانگی چواردە دەبێتە هۆی شێوانی باری دەروونی یان کێشەی تەندروستی، لەلایەن زانستەوە پشتڕاست نەکراونەتەوە و تەنها ئەفسانەن. تەنها کاریگەرییەکی کەمی لەسەر خەو هەیە، لەگەڵ هەندێک ئاماژەی کەم سەبارەت بە گۆڕانکاری لە سیستەمی دڵ و خوێنبەرەکاندا. زانایان هێشتا لە توێژینەوە بەردەوامن، بەڵام وا دیارە کاریگەریی ئەم تەنە ئاسمانییە لەسەر لەشمان زۆر کەمترە لەوەی پێشتر باوەڕمان پێی بوو.