توێژینەوەیەک: شێوازی رۆیشتن گرنگترە لە ژمارەی هەنگاوەکان
رووداو - تەندروستی
توێژینەوەیەکی نوێ کە لە زانکۆی ئەوروپی لە مەدرید، ئەنجامدراوە، دەریدەخات کە شێوازی رۆیشتن گرنگترە لە ژمارەی هەنگاوەکان. بەپێی توێژینەوەکە، ئەو کەسانەی رۆژانە 10 خولەک یان زیاتر بەشێوەیەکی بەردەوام دەڕۆن، سوودێکی تەندروستیی گەورەتر بەدەست دەهێنن.
توێژەران بۆ ماوەی نزیکەی هەشت ساڵ چاودێریی داتای تەندروستیی زیاتر لە 33 هەزار کەسیان کردووە کە رۆژانە کەمتر لە 8 هەزار هەنگاویان دەنا. بۆیان دەرکەوت ئەو کەسانەی کە هەنگاوەکانیان بەشێوەی پچڕپچڕ و کورت (کەمتر لە 5 خولەک) کۆدەکردەوە، مەترسیی تووشبوونیان بە نەخۆشییەکانی دڵ و مردنی پێشوەختە زیاتر بوو، بە بەراورد بەو کەسانەی کە هەمان ژمارەی هەنگاویان لە رێگەی پیاسەی درێژتر و بەردەوامەوە بەدەست دەهێنا.
دکتۆر بۆریا دێل پۆزۆ کروز، سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە، رایگەیاند، بەردەوامی لە رۆیشتن گرنگترە نەک تەنها ژمارەی هەنگاوەکان، هەروەها دەڵیت؛ ئەم گۆڕانکارییە سادەیە دەتوانێت سوودێکی گەورەی بۆ تەندروستیی دڵ و تەمەندرێژی هەبێت، بەتایبەت بۆ ئەو کەسانەی کەم دەجووڵێن.