توێژینەوەیەک: شیری دایک بە ئاسانی هەرس دەبێت
رووداو - تەندروستی
توێژینەوەیەک لە فەرەنسا دەریدەخات، پڕۆتینی شیری دایک زۆر بە ئاسانی هەرس دەبێت، بەڵام پڕۆتینی شیری قوتوو کێشە بۆ کۆرپە دروست دەکات، چونکە هەرسکردنی قورسە.
توێژینەوەیەکە لەلایەن تیمێکی پسپۆڕەوە لە پەیمانگەی نیشتمانیی فەرەنسی بۆ توێژینەوەی کشتوکاڵ و ئەنجامدراوە و دەریخستووە، گەورەترین جیاوازیی نێوان شیری دایک و شیری قوتوو لە جۆر و پێکهاتەی پڕۆتینەکاندایە. پڕۆتینی شیری دایک بە ئاسانی هەرس دەکرێت، بەڵام پڕۆتینی شیری قوتوو بەهۆی گەرمکردنەوە گۆڕانکاریی بەسەردا دێت و هەرسکردنی قورسترە.
پرۆفیسۆر ئیزابێل لو، سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە دەڵێت: پێکهاتەیەکی گرنگ لە شیری دایکدا بە ناوی "نایترۆجینی ناپڕۆتینی" هەیە کە زۆرجار لە شیری قوتوودا فەرامۆش دەکرێت. ئەمەش جگە لەوەی کە شیری دایک چەندین مادە و وردە زیندەوەری دیکەی تێدایە کە لەشیری قوتوودا ناتوانرێت دابین بکرێت.
ئەم جیاوازییانە کاریگەری لەسەر تەندروستیی کۆئەندامی هەرس، زیندەچالاکییەکان و بەکتریا سوودبەخشەکانی ریخۆڵەی منداڵ دادەنێن.