پسپۆڕێکی دڵ: ئامانجمانە خزمەتگوزاریی چاندنی دڵ بهێنینە هەرێمی کوردستان

رووداو - تەندروستی 

پسپۆڕێکی نەخۆشییەکانی دڵ رایدەگەیێنێت، لەگەڵ تیمێکی ئەبوزەبی لە هاوئاهەنگیداین بۆ ئەوەی خزمەتگوزاریی چاندنی دڵ بهێنینە هەرێمی کوردستان.
 
د. کارزان عەبدوڵڵا، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی دڵ لەنێو کۆنفرانسێکی تایبەت بە چاندنی دڵ لە هەولێر رایگەیاند، خزمەتگوزاری چاندنی دڵ لە وڵاتانی دراوسێ بەردەست نییە و لە ئەبوزەبی هەیە، هەر بۆیە ئامانجیان ئەوە بووە کە ئەو خزمەرگوزارییە بهێننە هەرێمی کوردستان.
 
د. کارزان عەبدوڵڵا کە یەکێک بووە لە رێکخەرانی ئەم پڕۆژەیەی چاندنی دڵ لە هەولێر گوتی، "ئەگەر نەتوانین سەنتەری چاندنی دڵ بهێنینە هەرێمی کوردستان، ئەوا ئامانجمان دەبێت ئامێری دڵی دەستکرد بهێنین."
 
بە ئامادەبوونی سەرۆکی بەشی چاندنی دڵ لە سەنتەری کلیڤلاند لە ئەبوزەبی، کۆنفرانسێکی تایبەت بە چاندنی دڵ لە شاری هەولێر بەڕێوەچوو، یەکێک لە بابەتە سەرەکییەکانیشی هێنانی خزمەتگوزاریی چاندنی دڵ بوو بۆ هەرێمی کوردستان.