پسپۆڕێک: ئامێرەکانی سەنتەری دڵ لە هەولێر لە سەنتەری دڵ لە ئەڵمانیا باشترن

رووداو - تەندروستی

لە کۆنفڕانسی تایبەت بە چاندنی دڵ لە هەولێر د. شوان عوسمان، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی دڵ و قەستەرە رایدەگەیێنێت، زۆرترین ئەو کەسانەی پێویستیان بە قەستەرەی دڵ دەبێت گەنجانن، هۆکارەکەشی بۆ چەند خووێکی ناتەندروست گەڕاندەوە.
 
د. شوان عوسمان، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی دڵ و قەستەرە رایگەیاند، "ئێستا زۆرترین ئەو کەسانەی تووشی قەستەرەی دڵ دەبن گەنجانن، بەهۆی بەرزیی چەوریی خوێن، بەرزیی پەستانی خوێن، شەکرە و جگەرەکێشان."
 
پسپۆڕەکە ئاماژەی بە توێژینەوەیەک کرد کە لە سەنتەری دڵی هەولێر ئەنجامی داوە و گوتی، "بۆمان دەرکەوت یەکەم هۆکار بۆ تووشبوون بە جەڵتەی دڵ لەنێو گەنجاندا بەرزیی چەوریی خوێنە."
 
سەبارەت بە رێگەکانی خۆپارێزی، ئەو پسپۆڕەی دڵ جەختی کردەوە، "باشترین شت گۆڕینی شێوازی ژیانە؛ ژیانێکی تەندروست مەترسیی جەڵتەی دڵ کەم دەکاتەوە."
 
د. شوان عوسمان، ستایشی ئاستی خزمەتگوزارییەکانی سەنتەری دڵی هەولێری کرد و گوتی، "ئەو ئامێرانەی لە سەنتەری دڵ لە هەولێر هەن باشترینن'' لەبەر ئەوەی کە ئەو لە ئەڵمانیاش کاری کردووە گوتیشی، ''ئامێرەکان لە هی ئەڵمانیانش باشترن''.