رووداو - تەندروستی
خەڵاتی نۆبڵ لە پزیشکی یان فیسیۆلۆژی راگەیێندرا و بەخشرا بە سێ زانا لەبارەی (بەهێزکردنی سیستمی بەرگریی جەستە) دژی نەخۆشییەکان بەتایبەت نەخۆشیی خۆییەبەرگری.
ئەمڕۆ دووشەممە 6-10-2025 ئەنجوومەنی نۆبڵ لە پەیمانگەی کارۆلینسکای سوێد رایگەیاند، خەڵاتی نۆبڵی پزیشکی یان فیسۆلۆژی بۆ ساڵی 2025 بە هاوبەشی دەبەخشرێتە هەریەک لە زانایان (ماری برونکۆ، فرێد رامسدێڵ و شیمۆن ساکاگوچی).
بەپێی ئەنجوومەکە، ئەم سێ زانایە خەڵاتەکەیان لەبەرامبەر دۆزینەوەکانیانە لەبارەی سیستمێکی بەرگریی جەستە بە ناوی (سیستمی بەرگریی دەرەکی) کە میکانیزمێکی گرنگی سیستمی بەرگریی جەستەیە. "دۆزینەوەکانیان بناخەی بۆ بوارێکی نوێی توێژینەوە داناوە و هاندەری پەرەپێدانی چارەسەری نوێیە بۆ نموونە بۆ شێرپەنجە و نەخۆشیی خۆییە بەرگری''.
نەخۆشیی خۆییە بەرگری چییە؟
نەخۆشییەکانی خۆییەبەرگری؛ ئەو جۆرە نەخۆشییانەن کە بەهۆی ناڕێکیی سیستمی بەرگرییەوە دووچاری تووشبووەکە دەبێت، سیستمی بەرگریی هێرش دەکاتە سەر خانە ئاساییەکانی جەستە و وەکو تەنێکی نامۆ دەیانبینێت، بەمەش زیان بە خانەکانی جەستە دەگات و کۆمەڵێک لێکەوتە و نیشانە دروستدەکات کە رەنگە ببنە هۆی مردن. نەخۆشییەکانیش وەکو (دەردەڕێوی، گورگەسوورە، رۆماتیزم، نەخۆشیی شەکرەی جۆری یەک و بەقاوخبوون).
بایەخی دۆزینەوەکە چییە؟
سیستمی بەرگریی جەستە رۆژانە بەرگری لە جەستە دەکات دژی میکرۆبەکان، بەڵام پێویستە بتوانێت جیاوازی لەنێوان خانەکانی خۆی و خانە بێگانەکاندا بکات. دۆزینەوەی ئەم زانایانە وەڵامی ئەو پرسیارە بنەڕەتییەی داوەتەوە کە چۆن سیستمی بەرگری فێردەبێت زیان بە خودی جەستە نەگەیێنێت.
شیمۆن ساکاگوچی، لە ساڵی 1995 رێگەخۆشکەر بوو کاتێک جۆرێکی نوێی خانەی بەرگریی دۆزییەوە کە ناوی لێنرا "خانە تاییە رێکخەرەکان" (regulatory T cells)، ئەم خانانە وەکو پاسەوانێک رێگری لە نەخۆشییەکانی خۆییەبەرگری دەکەن.
دواتر لە ساڵی 2001، ماری برونکۆ و فرێد رامسدێڵ، لەڕێگەی توێژینەوەی بۆماوەییەوە، جینێکی گرنگیان بەناوی "Foxp3" دۆزییەوە. ئەوان سەلماندیان کە بوونی کێشە لەم جینەدا دەبێتە هۆی لەکارکەوتنی خانە رێکخەرەکان و تووشبوون بە نەخۆشیی خۆییە بەرگری.
کارەکانی ئەم سێ زانایە تێگەیشتنێکی بنەڕەتییان لەبارەی کارکردنی سیستمی بەرگریی مرۆڤ گۆڕیوە و دەرگەیان بەڕووی چارەسەری نوێدا کردووەتەوە.
خەڵاتی نۆبڵ چییە؟
خەڵاتەکانی نۆبڵ، کە بە یەکێک لە بەناوبانگترین خەڵاتە نێودەوڵەتییەکان دادەنرێن، ساڵانە لە بوارەکانی پزیشکی، فیزیا، کیمیا، وێژە، ئاشتی و ئابووریدا بەو کەسانە دەبەخشرێن کە گەورەترین سوودیان بە مرۆڤایەتی گەیاندووە.
پێشکێشکردنی خەڵاتی نۆبڵ ساڵانەیە و لە 7 تاوەکو 14ـی ئۆکتۆبەر بەردەوامدەبێت؛ داهێنەری سوێدی 'ئەلفرێد نۆبڵ' لە وەسیەتنامەکەیدا گوتبووی، ''ئەو کەسانەی گەورەترین سوودیان بە مرۆڤایەتی بەخشیوە خەڵاتبکرێن''؛ خەڵاتەکان بۆ یەکەمجار لە ساڵی 1901 دوای پێنج ساڵ لە کۆچی دوایی ئەلفرێد نۆبڵ دابەشکران.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ