ئەنتیتۆباکۆ دەستپێدەکاتەوە؛ ئۆتۆمبێلێک بۆ ئەو کەسەی واز لە جگەرەکێشان دەهێنێت


رووداو- هەولێر 

دێسکی تەندروستی تۆڕی میدیایی رووداو پرۆژەی ئەنتیتۆباکۆ رادەگەیێنێت، ناونووسین دەستپێدەکاتەوە و خەڵاتی ئەمساڵ ئۆتۆمبێلێک دەبێت. 
 
د. ئاراس برادۆستی، بەڕێوەبەری دێسکی تەندروستی تۆڕی میدیایی رووداو دەڵێت لە ساڵی یەکەم و دووەمدا نزیکەی 12 هەزار و 500 کەس بەشدارییان لە پرۆژەکەدا کردووە و وازیان لە جگەرە و نێرگەلەکێشان هێناوە،  لە ساڵی سێیەمیشدا کەمپەینەکە دەستپێدەکاتەوە.
 
د. ئاراس برادۆستی دەشڵێت، بەمزوانە کلینیکی ئەنتیتۆباکۆ دەکرێتەوە.

 

فۆرمی وازهێنان لە جگەرە و نێرگەلەکێشان

 
بەڕێوەبەری دێسکی تەندروستی تۆڕی میدیایی رووداو روونیدەکاتەوە لە قۆناخی یەکەمی ناونووسیندا ئەمساڵ حەوت هەزار کەس ناویان تۆمارکردووە بۆ وازهێنان لە جگەرە و نێرگەلە، فۆڕمی خۆتۆمارکردن لە ئەمڕۆەوە دەکرێتەوە و هاونیشتمانییان دەتوانن ناویان تۆماربکەن. 
 
ئەنتیتۆباکۆ پرۆژەیەکی دێسکی تەندروستی تۆڕی میدیایی رووداوە بۆ وازهێنان لە جگەرە و نێرگەلەکێشان، ئەمساڵ بە سپۆنسەری سەرەکی کۆرەک تیلیکۆم بەڕێوەدەچێت. ئۆتۆمبیلێک دەبێتە خەڵاتی براوەی پرۆژەکە، جیاواز لە ساڵانی رابردوو، کڵینیکی ئەنتیتۆباکۆ دەکرێتەوە و چارەسەری پزیشکیی پێویست پیشکەشی ئەو کەسانە دەکەن کە بۆ وازهێنان لە جگەرە و نێرگەلە پێویستییان بە دەرمانە.