توێژینەوەیەک: دەوڵەمەندەکان ئەگەری تووشبوونیان بە شێرپەنجە زیاترە بەراورد بە هەژارەکان

رووداو - تەندروستی 

توێژینەوەیەک لە فینلاند ئاشكرای دەکات، دەوڵەمەندەکان بەراورد بە هەژارەکان ئەگەری تووشبوونیان بە شێرپەنجە زیاترە، پسپۆڕێک دەڵێت: لەمەودوا دەکرێت باری داراییش بە هۆیەکی شێرپەنجە دابنرێت.
 
توێژینەوەکە لە زانکۆی هێڵسنکی لە فینلاند لەسەر 280 هەزار کەس کرا و دەرکەوت، دەوڵەمەندەکان لەڕووی بۆماوەییەوە ئەگەری تووشبوونیان بە شێرپەنجە زۆرە، تەنانەت ئاماژە بەوەشدەکرێت کە لەنێو هەژارەکان کۆمەڵێک نەخۆشیی درێژخایەنی دیکە زۆرن.
 
بەپێی توێژینەوەکە، هەریەک لە نەخۆشییەکانی وەکو 'شەکرە، هەوکردنی جومگەکان، خەمۆکی، ئالوودەبوون، شێرپەنجەی سییەکان و بەرزەپەستانی خوێن' لەنێو هەژار و کەمدەرامەتەکان زۆرن.
 
د. فیۆنا هاگانبیک، سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە دەڵێت: بۆیان دەرکەوتووە کە باری ئابووری کاریگەریی لەسەر ئەگەری تووشبوون بە شێرپەنجەوە هەیە و دەکرێت وەکو هۆیەک بۆ نەخۆشییەکە باسبکرێت.
 
د. فیۆنا هاگانبیک دەشڵێت: شێرپەنجەی مەمک و پڕۆستات زۆرترین ئەوانەبوون کە لەنێو کەسانی دەوڵەمەنددا دەستنیشان کراون.
 
بە گوتەی سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە، زیادبوونی مەترسیی دەوڵەمەندەکان بۆ تووشبوونیان بە شێرپەنجە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە زۆرینەیان شێوازی ژیانیان ناتەندروستە لەڕووی خەو، خۆراک و چالاکیی جەستەییەوە، هەر ئەمەشە وایکردووە کە هۆکارە بۆماوەییەکان زیاتر کاریان تێبکات.
 
ئەنجامی توێژینەوەکە لە دواین کۆنفرانسی کۆمەڵەی ئەورووپیی جینی مرۆڤ لە بەرلین پشتڕاستکراوەتەوە.