هەڵەبجە؛ لە 24 کاژێردا پێنج تووشبووی کۆرۆنا مردوون و هەشتی دیکەش بە ئامێر هەناسە دەدەن
رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی هەڵەبجە رایگەیاند، لە 24 کاژێردا پێنج تووشبووی کۆرۆنا مردوون و هەشتی دیکەش بە ئامێر هەناسە دەدەن، دەشڵێت "سەرجەم 55 نەخۆشی داخیلکراو لە هەردوو سەنتەری کۆرۆنا باری تەندروستییان ناجێگیرە و پێویستیان بە ئۆکسجینە".
د. شاناز نەقشبەندی، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی هەڵەبجە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "رۆژ لەدوای رۆژ ژمارەی تووشبووانی کۆرۆنا لە پارێزگای هەڵەبجە روو لە زیادبوونە".
گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی هەڵەبجە باسی لەوەش کرد "ژمارەی مردن بە ڤایرۆسەکە لە پارێزگای هەڵەبجە زۆر بەرزبووەتەوە. بەجۆرێک لە هەفتەی رابردوودا 10 گیانلەدەستدان هەبووە، بەڵام تەنها لە ماوەی 24 کاژێری رابردوودا پێنج کەس گیانیان لەدەستداوە".
د. شاناز نەقشبەندی ئەوەشی خستەڕوو، ئێستا بەهۆی مانگرتنی پزیشکانی نیشتەجێی خولاو کەلێنێکی گەورەیان بۆ دروستبووە، چونکە ئەوان لە ریزی یەکەمدان لە بینینی نەخۆشەکان.
بە گوتەی گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی هەڵەبجە، پزیشکانی پلەبەند لەگەڵ پایە بڵند و پزیشکانی پسپۆڕ مانیان نەگرتووە، هەروەها کارمەندانی تەندروستی ماوەی 24 کاژێر لە نەخۆشخانە هەن، "بەڵام بەهۆی ئەوەی ئێستا ژمارەی پزیشکەکانمان کەمە ناتوانین 24 کاژێر لە نەخۆشخانە خزمەتگوزاریی پێویست بە هاووڵاتییان بگەیێنین".
تاوەکو ئێستا لە هەڵەبجە هەزار و 898 تووشبووی کۆرۆنا دەستنیشانکراون، لەو ژمارەیە هەزار و 802 تووشبوویان چارەسەرکراون و 44 تووشبووش گیانیان لەدەستداوە.