مایۆکلینیک: مەترسیی سەرهەڵدانەوەی شێرپەنجەی کۆڵۆن دوای 5 ساڵ زۆر کەم دەبێتەوە

رووداو - تەندروستی

توێژینەوەیەکی ئەمریکی  دەریخستووە، ئەو نەخۆشانەی چارەسەری شێرپەنجەی قۆڵۆنیان وەرگرتووە، ئەگەر بۆ ماوەی 5 ساڵ نەخۆشییەکەیان سەرهەڵنەداتەوە، ئەوا مەترسیی دووبارە تووشبوونەوەیان زۆر کەم دەبێتەوە.
 
توێژینەوەکە لە سەنتەری مایۆکلینیک کراوە و دەرکەوتووە، نزیکەی 82%ی حاڵەتەکانی سەرهەڵدانەوەی شێرپەنجەی قۆڵۆن لە ماوەی 3 ساڵی یەکەمی دوای چارەسەر روودەدەن.
 
د. ئەلیساندرۆ پاستۆرینۆ پسپۆڕی شێرپەنجە لە ئەمریکا دەڵێت، ئەم دۆزینەوەیە یارمەتیدەرە بۆ پزیشکان و نەخۆش، تاوەکو بزانن چاودێریی پزیشکیی چڕ تا چەند ساڵی پێویستە و هەروەها دڵنیایی زیاتر بە نەخۆشان بدرێت.
 
شێرپەنجەی قۆڵۆن، یەکێکە لە باوترین جۆرەکانی شێرپەنجە لە جیهاندا، بەڵام ئەگەر زوو دەستنیشان بکرێت، رێژەی چاکبوونەوەی بەرزە.