توێژینەوەیەکی ئەمریکی: نهێنیی توانای مێشک بۆ جیاکردنەوەی دەنگەکان ئاشکرا دەکات
رووداو - تەندروستی
توێژینەوەیەکی ئەمریکی میکانیزمێکی سەرنجڕاکێشی مێشکی مرۆڤی، بۆ جیاکردنەوە و سەرنجدانی دەنگێکی دیاریکراو لەنێو ژاوەژاوێکی زۆردا دۆزیوەتەوە، کە بە دیاردەی "ئاهەنگی کۆکتێل" ناسراوە.
زانکۆی میشگن لە ئەمریکا دەریدەخات مێشک بە شێوەیەکی چالاک ئەو زانیارییە دەنگییانەی کە پەیوەندی پێوەی نییە، دەپاڵێوێت و تەنیا رێگە بەو دەنگە دەدات کە گرنگیی پێدەدات بگاتە بەشی مێشک بۆ تێگەیشتن.
زانکۆ ئەمریکییەکە ئاماژە بەوەدەکات ئەم دۆزینەوەیە تێگەیشتنێکی نوێ لەبارەی چۆنیەتیی کارکردنی سیستمی بیستنی مرۆڤ دەخاتەڕوو.
پڕۆفیسۆر ڕۆس مادۆکس پسپۆڕی قورگ، لووت و گوێ لە ئەمریکا و سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە دەڵێت " دەکرێت سوود لەم زانیارییانە وەربگیرێت بۆ پەرەپێدانی ئامێرەکانی یارمەتیدانی بیستن (بیستۆک) و تەکنەلۆژیای زیرەک، کە بتوانن بە شێوەیەکی باشتر دەنگی قسەکردن لە ژاوەژاوی دەوروبەر جیا بکەنەوە، هەروەها رەنگە یارمەتیدەریش بێت بۆ چارەسەرکردنی ئەو کەسانەی کێشەی سەرنجدانییان هەیە."