بزانە بۆ گەنجانی ئەورووپا واز لە خواردنەوە کحولییەکان دەهێنن؟

رووداو - تەندروستی

دیاردەیەکی نوێ لەنێو گەنجانی ئەورووپادا بڵاوبووتەوە ئەویش کەمکردنەوە یان وازهێنانی یەکجارەکی لە خواردنەوە کحولییەکانە، ئەمەش بەهۆی هۆشیاریی تەندروستی و گۆڕانی شێوازی ژیانەوەیە.
 
بەگوێرەی کۆمپانیای سیرکانا بۆ توێژینەوەی بازاڕ و شیکاریی داتا لە ئەمریکا، 71%ی بەکاربەران لە ئەورووپا کڕین یان خواردنەوەی کحولیان کەم کردووەتەوە. هۆکارە سەرەکییەکان بریتین لە نیگەرانیی تەندروستی.
 
کۆمپانیا ئەمریکییەکە ئاماژە بەوەدەکات، نزیکەی یەک لەسەر چواری کەسانی تەمەن 25 بۆ 35 ساڵ بە تەواوی وازیان لە خواردنەوە کحولییەکان هێناوە، ئەم گۆڕانکارییە بووەتە هۆی ئەوەی بازاڕی خواردنەوە بێ کحولەکان گەشەیەکی بەرچاو بەخۆیەوە ببینێت، فرۆشی خواردنەوە بێ کحولەکان بە رێژەی 5.1% زیادی کردووە، لە کاتێکدا فرۆشی خواردنەوە کحولییەکان 1.8% دابەزیوە.
 
کۆمپانیای سیرکانا ئاشکرای دەکات، ئەم دیاردەیە "شۆڕشێکی کولتوورییە" کە نەوەی نوێ (Gen Z) پێشڕەویی دەکات. گەنجان زیاتر گرنگی بە  تەندروستیی جەستە و دەروونی خۆیان دەدەن و دووردەکەونەوە لەو خووانەی کە زیانیان پێدەگەیێنێت.
 
وازهێنان لە کحول چەندین سوودی تەندروستیی هەیە، وەک باشترکردنی خەو، دابەزاندنی کێش، کەمکردنەوەی مەترسیی تووشبوون بە چەندین جۆری شێرپەنجە و نەخۆشییەکانی دڵ و جگەر.