هیوایەک بۆ تووشبووانی شێرپەنجەی جگەر؛ چارەسەرییەکی نوێ تاقیدەکرێتەوە

رووداو - تەندروستی

نەخۆشخانەی مایۆکلینیک لە ئەمریکا بۆ یەکەمجار لەسەر مرۆڤ، چارەسەرییەکی نوێی تیشکیی ئاراستەکراوی بۆ چارەسەرکردنی باوترین جۆری شێرپەنجەی جگەر (hepatocellular carcinoma) تاقیکردەوە.
 
چارەسەرییە نوێیەکە، کە بە "تێرانۆستیک" ناسراوە، دەرمانێکی تیشکدەری زیرەکە و توانای هەیە بە وردی خانە شێرپەنجەییەکان بدۆزێتەوە و دواتر تیشکیان تێبگرێت و لەناویان ببات، بێ ئەوەی زیانێکی زۆر بە شانە تەندروستەکانی دەوروبەری بگەیەنێت.
 
ئەم دەرمانە پرۆتینێک دەکاتە ئامانج کە لەسەر رووی خانە شێرپەنجەییەکانی جگەر بە رێژەیەکی زۆر بوونی هەیە، ئەمەش وادەکات چارەسەرییەکە زۆر وردبین و کاریگەر بێت.
 
د. ئەفرایم پارێنت پسپۆڕی تیشک لە سەنتەری مایۆکلینیک دەڵێت "هیوادارین ئەم شێوازە نوێیە ببێتە رێگەچارەیەکی کاریگەر بۆ ئەو تووشبووانەی شێرپەنجەی جگەر کە وەڵامی چارەسەرە ستانداردەکانی دیکەیان نەداوەتەوە و ئومێدێکی نوێیان پێببەخشێت.