نەخۆشخانەی رزگاری: لە بەشی چاودێریی چڕ توانای وەرگرتنی 30 نەخۆشمان هەیە
رووداو – هەولێر
هەردوو نەخۆشخانەی رزگاری و نەخۆشخانەی ئیماراتی لە شاری هەولێر بۆ تووشبووانی کۆرۆنا تەرخانکراون. نەخۆشخانەی رزگاری توانای وەرگرتنی 400 بۆ 450 نەخۆشی هەیە، بەڵام لە بەشی چاودێریی چڕ، دەتوانن تەنیا 30 نەخۆش وەربگرن.
فەرهاد دۆڵەمەڕی، پەیامنێری رووداو چووە نێو نەخۆشخانەی رزگاری شاری هەولێر کە بۆ تووشبووانی کۆرۆنا تەرخانکراوە، بەپێی زانیارییەکانی کە پێیدراون، 85 تووشبووی نوێ بە کۆرۆنا لە نەخۆشخانەی رزگاری شاری هەولێر خەوێنراون. لەو ژمارەیە تەنیا رەوشی تەندروستی یەکێک لە نەخۆشەکان ناجێگیرە و لە بەشی چاودێری چڕە و لەژێر ئامێری هەناسەدانی دەستکردە.
148 تووشبووی نوێ ئێستا لە هەردوو نەخۆشخانەی رزگاری و نەخۆشخانەی ئیماراتی لە شاری هەولێر خەوێنراون، 85 یان لە نەخۆشخانەی رزگاری و 63 تووشبووی دیکەش لە نەخۆشخانەی ئیماراتی خەوێنراون.
لەبارەی دۆخی تەندروستی تووشبووان د.بۆتان عەبدولقادر، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی رزگاری لە شاری هەولێر لە لێدوانێکدا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بە گشتی باری تەندروستیی تووشبووەکان جێگیرە، یەک نەخۆشمان نەبێت کە لە چاودێری چڕ خەوێنراوە و ئامێری هەناسەدانی دەستکردی بۆ بەکارهاتووە".
نەخۆشخانەی رزگاری شاری هەولێر لە شەش نهۆم پێکدێت، بە گوتەی بەڕێوەبەری ئەو نەخۆشخانەیە، سێ نهۆمیان بۆ وەرگرتنی تووشبووانی کۆرۆنا دابینکراوە، نهۆمێکیان تەنیا چاودێریی چڕە، کە لەو نهۆمە دەتوانن تاوەکو 30 نەخۆش وەربگرن و ئەو ژمارەیەش زیاتر بکەن، سێ نهۆمەکەی دیکە دابینکراوە بۆ ئەوانەی کە نیشانەیان کەمە.
سەبارەت بەو نەخۆشانەی کە رەوشی تەندروستییان ناجێگیرە و پێویستیان بە ئامێری هەناسەدانی دەستکردە، د. بۆتان عەبدولقادر دەڵێت: ئەو نەخۆشانە جیا لە ئامێری هەناسەدانی دەستکرد، پێویستیان بە پزیشکی چاودێر و پزیشکی سڕکەر و کارمەندی چاودێریی چڕ هەیە، کە "ئەمەش لە هەموو کوردستان و جیهانیش ژمارەیان کەمە".
بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی رزگاری لە قسەکانیدا بۆ رووداو، ئاماژەی بەوەکرد، کە دەتوانن زیاتر لە 100 ئامێری هەناسەدانی دەستکرد دابینبکەن، بەڵام گەرەنتی ئەوە نادەن پزیشکی چاودێر و پزیشکی سڕکەر و کارمەندی چاودێری چڕ بۆ ژمارەیەکی زۆری نەخۆش دابینبکەن.