تیمێكی پزیشكیی ئیتاڵی بە پشتیوانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە دهۆک نەشتەرگەریی دڵ بۆ منداڵان دەکەن

رووداو- تەندروستی 

تیمێكی پزیشكیی ئیتاڵی بە پشتیوانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان سەردانی دهۆک دەکەن و لە سەنتەری دڵ لە نەخۆشخانەی ئازادی بەبێ بەرامبەر چارەسەری و نەشتەرگەری بۆ 12 منداڵ دەکەن کە گرفتی سکماکی دڵیان هەیە، پشکنینیش بۆ 200 منداڵی دیکە دەکەن. 
 
د. محەممەد مەحموود، نوێنەری رێكخراوی هێڤی کە سەرپەرشتی کارەکانی تیمە پزیشكییە ئیتاڵییەکە دەکات، دەڵێت تیمە پزیشكییەکە بۆماوەی 6 رۆژ لە بەرواری 7-12/6/2025 لە دهۆک دەمێننەوە، 12 نەشتەرگەریی دڵ بۆ ئەو منداڵانە دەکەن کە گرفتی ئاڵۆزی دڵیان هەیە و پشکنینی پزیشكیش بۆ 200 منداڵی دیکە دەکەن، بۆ ئەوەی نۆرەی نەشتەرگەریی و چارەسەرییان بۆ دابنێن و ئەو منداڵانەش کە لە کوردستان چارەسەر ناکرێن، بۆ نەشتەرگەری دەیاننێرنە میلان لە ئیتاڵیا. 
 
نوێنەرەکەی رێكخراوی هێڤی دەڵێت تیمە پزیشكییەکە لە 13 کەسی پسپۆڕ پێکهاتوون، ئەوانیش پزیشكانی نەشتەرگەرییەکانی دڵی منداڵان، پسپۆڕی دڵ، پسپۆڕانی سڕکردن و چاودێری چڕ، پەرستاری چاودێری چڕ و پەرستاری، لەماوەی مانەوەیان لە کوردستان کاردەکەن بۆ پشکنینی دڵی کۆرپەی نێو سکی خانمانی دووگیان، بۆ ئەوەی لەنێو سکی دایکیاندا ئەو منداڵانە دەستنیشانبکەن کە گرفتی سکماکیان هەیە. 
 
د. محەممەد مەحموود دەڵێت جگە لە ئەنجامدانی پشکنین و چارەسەر، راهێنان بە تیمی پزیشکیی کوردستان دەکەن بۆ ئەوەی بتوانن لە داهاتوودا ئەم کارانە لە کوردستانیش ئەنجامبدرێن. روونیشیدەکاتەوە ئەمڕۆ دوو نەشتەرگەری ماوە درێژ کە نزیکەی 5 کاژێریان پێدەچێت ئەنجامدەدرێت و بۆماوەی 5 رۆژی داهاتووش نەشتەرگەرییەکان بەردەوامدەبن و هەموو خزمەتگوزارییەکان بەبێ بەرامبەر دەکرێن. 
 
د. محەممەد دەڵێت تیمەکە بەشێك لە ستافی پزیشكی لە کوردستان دیاریدەکەن بۆ ئەوەی بیاننێرنە میلان لە ئیتاڵیا بۆ راهێنانی تایبەتمەند، بەمەش کەرتی تەندروستی و بواری نەشتەرگەریی دڵی منداڵان زۆرتر بەرەوپێش دەچێت.