رووسیا بۆ یەکەمجار ڤاکسینی شێرپەنجە رادەگەیێنێت و دەڵێ بێبەرامبەرە

08-09-2025
بڕوا فەرهاد
A+ A-
رووداو - تەندروستی

وەزیری تەندروستیی رووسیا رایگەیاند، ڤاکسینێکی چارەسەریی بۆ شێرپەنجەی پێست ئامادەیە بۆ بەکارهێنانی لەسەر مرۆڤ و دوای پەسەندکردنی، بەخۆڕایی دەدرێتە نەخۆشان.
 
میخائیل موراکۆش، وەزیری تەندروستیی روسیا دەڵێت "ڤاکسینەکە بۆ چارەسەری شێرپەنجەی پێستە نەک خۆپارێزی، قۆناخەکانی تاقیکردنەوەی لەسەر ئاژەڵی بڕیوە و ئێستا ئامادەیە بۆ تاقیکردنەوە لەسەر مرۆڤ".
 
ڤاکسینەکە لەلایەن ناوەندی نیشتمانیی گامالایا بۆ توێژینەوەی زانستی پەرەی پێدراوە ئەلێکساندەر گینتسبێرگ، بەڕێوەبەری ناوەندی گامالایا گوتی: تاقیکردنەوی ڤاکسینی شێرپەنجەیەکە لەسەر مشک رێژەی 100٪ سەرکەوتنی بەدەست هێناوە و توانیوییەتی بەتەواوی گرێیە شێرپەنجەیەکان لەنێو ببات.
 
ئەلێکساندەر گینتسبێرگ ئاماژەی بەوەکرد، ئەم چارەسەرە نوێیە پشت بە تەکنەلۆژیای mRNA دەبەستێت و بە شێوەی "کەسی" (personalized) بۆ هەر نەخۆشێک بەپێی تایبەتمەندیی جیناتیی وەرەمەکەی دروست دەکرێت. ئامانجی سەرەکیی ڤاکسینەکە ئەوەیە کە سیستمی بەرگریی جەستەی نەخۆشەکە هان بدات بۆ ئەوەی خانە شێرپەنجەییەکان بناسێتەوە و هێرشیان بکاتە سەر، بەبێ ئەوەی زیان بە خانە تەندروستەکان بگەیەنێت.
 
وەزیری تەندروستیی رووسیا جەختی لەوە کردەوە، ئەم دەستکەوتە زانستییە گرنگە و دوای سەرکەوتنی لە تاقیکردنەوە کلینیکییەکاندا، دەبێتە بەشێک لە سیستمی تەندروستیی نیشتمانی.
 
هاوکات ڤاکسینەکە بۆ کەسانی تووشبووی شێرپەنجەی پێست و کەسانێک کە چاکبووەوەی شێرپەنجەی پێستن بەردەست دەبێت، تاوەکو دووبارە تووشی شێرپەنجەکە نەبنەوە و بەرگریی جەستەیان دژی نەخۆشییەکە بەهێز ببێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە