رووداو - تەندروستی
پۆدرەیەک هەیە کە زۆربەمان بە منداڵی بۆمان بەکار هێنراوە. ئەوێش پۆدرەی برادنی جۆنسن ئاند جۆنسنە کە لەسەری نووسراوە جۆنسنس بەیبی پاودەر.
دادگای لۆس ئەنجلس لە ئەمریکا، کۆمپانیای جۆنسن ئاند جۆنسنی بە بڕی 96.6 ملیۆن دۆلار سزدا، بڕیارەکە دوای ئەوە هات کە دەستەی سوێندخۆران گەیشتنە ئەو دەرەنجامەی کە پۆدرەی مناڵانی کۆمپانیاکە هۆکار بووە بۆ تووشبوونی چوار کەس بە نەخۆشیی شێرپەنجە.
دەستەی سوێندخۆران رایانگەیاند، پۆدرەی مناڵانی جۆنسن ئاند جۆنسن کە لە مادەی تاڵک دروستکراوە، بووەتە هۆی تووشبوونی ئەو چوار کەسە بە شێرپەنجەی میزۆسلیۆما، کە جۆرێکی دەگمەنی شێرپەنجەیە و زۆرجار بەهۆی بەرکەوتن لەگەڵ مادەی ئەزبێستۆس دروست دەبێت.
لە بەرامبەردا، کۆمپانیای جۆنسن ئاند جۆنسن رایگەیاند کە تانە لە بڕیارەکە دەدات.
ئێریک هاس، جێگری سەرۆکی جیهانیی کۆمپانیاکە بۆ کاروباری یاسایی، گوتی، "ئەم بڕیارە لەگەڵ دەیان ساڵ هەڵسەنگاندنی زانستیی سەربەخۆدا ناگونجێت کە سەلامەتیی بەرهەمەکانمانیان پشتڕاستکردووەتەوە."کۆمپانیاکە جەخت لەوە دەکاتەوە کە بەرهەمەکانی تاڵکی سەلامەتن و ئەزبێستۆسیان تێدا نییە.
ئەمە یەکێکە لە دەیان هەزار سکاڵای یاسایی کە لە دژی کۆمپانیاکە تۆمارکراون. جۆنسن ئاند جۆنسن پێشنیازی کردووە بە بڕی 6.48 ملیار دۆلار زۆربەی سکاڵاکان یەکلایی بکاتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ