لە رانیە خواردنەوە وزەبەخش لەنێو قوتابخانە دۆزراوەتەوە و دەستی بەسەردا گیرا
رووداو - تەندروستی
لە رانیە دەست بەسەر دەیان خواردنەوەی وزەبەخشدا لە فرۆشگەی قوتابخانەکاندا گیرا و سەرۆکی لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامییەتی قەزای رانیە دەڵێت: خواردنەوە گازییەکانمان لە قوتابییانی پۆلی 1 تاوەکوو 6ـی سەرەتایی قەدەخە کردووە.
لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامییەتی قەزای رانیە، بە هاوکاریی ئاسایشی راپەڕین، لە هەڵمەتێکدا بۆ سەر فرۆشگەی قوتابخانەکان، دەستیان بەسەر 28 سێت خواردنەوەی وزەبەخشدا گرت.
کارزان سلێمان، سەرۆکی لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامییەتی قەزای رانیە بە رووداوی رایگەیاند، "نابێت خواردنەوە وزەبەخشەکان لە قوتابخانەکاندا هەبن و پێویستە فرۆشگەی قوتابخانەکان خۆراکی تەندروست بفرۆشن."
کارزان سلێمان، پێشنیازی کرد کە فرۆشگەی قوتابخانەکان بکرێنە دامەزراوە و بدرێنە چەند کۆمپانیایەک تاوەکو بتوانن خۆراکی تەندروست بۆ منداڵان دابین بکەن. هەروەها هۆشداریی دا هەر کۆگایەک ئەو جۆرە خۆراکانە بفرۆشێت، لێپێچینەوەی لەگەڵدا دەکرێت.