دۆناڵد ترەمپ: نرخی دەرمانەکانی قەڵەوی دابەزاند
رووداو - تەندروستی
دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا، رێککەوتنی لەگەڵ کۆمپانیاکانی دەرمان راگەیاند بۆ دابەزاندنی نرخی دەرمانی دابەزاندنی کێش.
دۆناڵد ترەمپ، لە وتارێکدا لە کۆشکی سپی لەگەڵ بەڕێوەبەرانی جێبەجێکاری کۆمپانیاکانی دەرمان، پەردەی لەسەر رێککەوتنەکان لەگەڵ کۆمپانیای "Eli Lilly" و "Novo Nordisk" لادا، بەپێی رێککەوتنەکە، بەکاربەران مانگانە لەنێوان 245 بۆ 350 دۆلار بۆ دەرمانەکانی قەڵەوی دەدەن، لەنێویاندا Wegovy و Zepbound.
کۆمپانیای Eli Lilly، لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، وەک بەشێک لە رێککەوتنەکە لەگەڵ ئیدارەی ترەمپ، بۆ ماوەی سێ ساڵ لە باجی گومرگی دەبەخشرێت.
بەرپرسانی باڵای ئیدارەی ئەمریکا دەڵێن، بە نزیکەیی 10%ی سوودمەندانی Medicare شایستەی دەستڕاگەیشتن بە دەرمانەکانی GLP-1 دەبن و تەنیا 50 دۆلار دەدەن، هەروەها ئەوانەی ناویان لە Medicaid تۆمارکراوە، بەپێی واژۆکردنی ویلایەتەکان، بەشێوەیەکی قۆناخبەندی دەست بە جێبەجێکردنی دەکەن.
رۆبەرت ئێف کێنەدی، وەزیری تەندروستی ئەمریکا، لە کۆشکی سپی رایگەیاند، رێککەوتنەکان بەرهەمی چەندین مانگ دانوستانن لەگەڵ Eli Lilly و Novo Nordisk و گوتی، "قەڵەوی هۆکاری ژمارە یەکی نەخۆشییە درێژخایەنەکانە" لە ئەمریکا.
کێنەدی جەختی لەوە کردەوە کە "چارەسەرێکی جادووی نییە و پێویستە گرنگی بە گۆڕانکاری لە خۆراک و راهێنانی جەستەیی بدرێت".
زۆرێک لە دەرمانەکانی جۆری GLP-1، کە بۆ چارەسەری شەکرە و قەڵەوی بەکاردێن، بەبێ داشکاندن و بیمەی تەندروستی مانگانە زیاتر لە 1,000 دۆلاریان تێدەچێت.
رێککەوتنەکان دەستڕاگەیشتن بە پلانەکانی حکومیی Medicare و Medicaid فراوانتر دەکەن، کە پلانەکانی چاودێریی تەندروستیی گشتین بۆ کەسانی بەساڵاچوو و کەمداهاتی ئەمریکی.
دەرمانەکانی قەڵەوی بە نرخێکی داشکێندراو لە ماڵپەڕی TrumpRx دەفرۆشرێن، کە ماڵپەڕێکی حکومییە و بڕیارە تاوەکو مانگی یەک دەستبەکاربێت لەو ماڵپەڕەدا، نرخی Wegovy و Zepbound بە تێکڕا بە 350 دۆلار بۆ مانگێک دەستپێدەکات و لە ماوەی دوو ساڵدا بۆ 250 دۆلار دادەبەزێت، نرخی Medicare بۆ دەرمانەکانی Ozempic, Wegovy, Mounjaro و Zepbound بڕی 245 دۆلار دەبێت.