رووداو - تەندروستی
ئامارێکی نوێی نیشتمانی لە ئەمریکا دەریخستووە زۆرێک لە ئەمریکییەکان دڵنیا نین لەوەی کە پرۆسەی پیربوونیان چۆن دەبێت و نیگەرانیی سەرەکییان لەبارەی داهاتووی تەندروستی و داراییانە.
سەنتەری توێژینەوەی پیو لە ئەمریکا، ئاماری لەسەر 8,750 کەسی پێگەیشتووی ئەمریکی وەرگرتووە بۆ تێگەیشتن لە هەستی خەڵکی بەرامبەر بە پیربوون و ئەو هەنگاوانەی کە دەتوانن بیگرنەبەر بۆ باشترکردنی تەندروستی، باری دارایی و کواڵیتی ژیانیان لە تەمەنی پیریدا.
دەرئەنجامە سەرەکییەکانی رووپێوییەکە:
نیگەرانییەکانی گەنجان: لەنێو ئەو کەسانەی تەمەنیان لە خوار 65 ساڵەوەیە، 67% دەڵێن هەست بە نیگەرانی دەکەن سەبارەت بە ساڵانی داهاتوویان، سەرەکیترین نیگەرانییەکانیان بریتین لە کێشە تەندروستییەکانی داهاتوو، نەبوونی پارەی پێویست و بوونە بار بەسەر خێزانەکانیانەوە. هەروەها، 45%ـیان دڵنیا نین کە پاشەکەوتی پێویستیان بۆ خانەنشینی دەبێت.
کۆنترۆڵکردنی پرۆسەی پیربوون: زۆرینەی ئەمریکییەکان پێیانوایە کە تا رادەیەک دەتوانن کۆنترۆڵی تەندروستیی جەستەیی (67%) و جووڵەیان (60%) بکەن، بەڵام رێژەیەکی کەمتر باوەڕیان وایە کە دەتوانن کۆنترۆڵی تیژیی مێشک (47%) یان شێوەی دەرکەوتنیان (38%) بکەن.
تەمەنی خوازراو: لە وەڵامی پرسیاری ئەوەی کە دەیانەوێت چەند بژین، 76%ـی ئەمریکییەکان رایانگەیاندووە کە دەیانەوێت لانیکەم تا تەمەنی 80 ساڵی بژین و 29%ـیان هیوادارن بگەنە 100 ساڵ. بە تێکڕا، بەشداربووان ئاماژەیان بەوەدا کە دەیانەوێت تا تەمەنی 91 ساڵی بژین.
رێکارەکانی دژەپیربوون: کەمتر لە نیوەی بەشداربووان ئاماژەیان بەوەدا کە رێکارێکیان گرتووەتەبەر یان بیریان لێکردووەتەوە بۆ ئەوەی گەنجتر دەربکەون، خانمان بە رێژەیەکی بەرچاو زیاتر لە پیاوان ئامادەیی خۆیان نیشانداوە بۆ ئەنجامدانی رێکاری جوانکاری وەک بۆتۆکس (33%ـی خانمان بەرامبەر 13%ـی پیاوان) یان نەشتەرگەریی جوانکاری (26%ـی خانمان بەرامبەر 10%ـی پیاوان).
کاریگەریی داهات: داهات رۆڵێکی سەرەکی دەگێڕێت لە هەستی ئەرێنی خەڵکی بەرامبەر بە پیربوون. نزیکەی 61%ـی بەساڵاچووانی گرووپی داهاتی بەرز دەڵێن کە زۆر بە باشی پیر دەبن، بە بەراورد بە 51% لە گرووپی داهاتی مامناوەند و 39% لەوانەی داهاتیان کەمە.
بەگوێرەی نووسینگەی سەرژمێری ئەمریکا، رێژەی کەسانی پێگەیشتووی تەمەن 65 ساڵ و زیاتر لە 12.4%ـی ساڵی 2004ـەوە بۆ 18% لە ساڵی 2024 بەرزبووەتەوە، ئەمەش بەشێکی دەگەڕێتەوە بۆ بەرزبوونەوەی تەمەنی چاوەڕوانکراو، کەمبوونەوەی رێژەی لەدایکبوون و پیربوونی نەوەی "بەیبی بومەر".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ