رووداو - تەندروستی
ئەمڕۆ شەممە 9-11-2025 د. ئالان دیلانی، پسپۆڕی تەندروستیی گشتی، لە بوڵتەنی تەندروستی چەند رێنماییەک لەسەر سیستمی ژیانی رۆژانەی خۆی بۆ هەبوونی جەستەیەکی تەندروست دەخاتەڕوو و جەخت لەوە دەکاتەوە، "مرۆڤ تەندروستی لە دەستی خۆی دایە" و پێویستە گرنگی بە خۆپارێزی بدرێت نەک چارەسەرکردنی نەخۆشی.
سیستمی خۆراکی رۆژانە
د. ئالان دیلانی، ئاماژە بەوە دەکات کە سیستمی خۆراکیی رۆژانەی بەمشێوەیەیە: "بەیانیان ماست لەگەڵ تۆوی شیا و هەنگوین دەخۆم. بۆ ژەمی نیوەڕۆ، ماسی و سەوزە دەخۆم و بۆ ئێوارانیش تەنیا سوپێک دەخۆم و لە نێوانیشیاندا میوەیەک دەخۆم."
ئەو پسپۆڕەی تەندروستیی گشتی رێنمایی دەدات کە لەدوای تەمەنی 50 ساڵییەوە، گرنگییەکی زیاتر بە خواردنی گۆشتی ماسی و مریشک بدرێت و لە گۆشتی سوور دووربکەونەوە. هەروەها دەڵێت، "لە 300 بۆ 400 گرام زیاتر مریشک یان ماسی ناخۆم، نانی سپی ناخۆم و دوو مانگ جارێک برنج دەخۆم."
سەبارەت بە خواردنەوەکان، د. ئالان دیلانی دەڵێت، "رۆژانە دوو لیتر ئاو دەخۆمەوە. قاوە زیاتر لە چا دەخۆمەوە، چونکە چا ئاسنی جەستە دادەبەزێنێت، ئەگەر چا بخۆمەوە، ئەوا چای گوڵ یان چای سەوز دەخۆمەوە." د. ئالان سوودی هەریەک لە سیر، زەردەچێوە، لیمۆ و جینجەری بۆ تەندروستی بە گرنگ دەزانێت و دەڵێت، "سیر دەبێت بەتەنیا بخورێت."
وەرزش و خەو
د. ئالان دیلانی، جەخت لە گرنگیی وەرزشکردن دەکاتەوە و دەڵێت، "رۆژانە وەرزش دەکەم. هەفتانە سێ رۆژ 20 کیلۆمەتر بە پێ دەڕۆم و 3 کیلۆمەتر مەلە دەکەم."
سەبارەت بە خەو، ئەو پسپۆڕە روونیکردەوە کە رۆژانە 9 کاژێر دەخەوێت، شەوان کاژێر 11 دەخەوێت و کاژێر 8ـی بەیانی لە خەو هەڵدەستێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ