کەباب بە نانەوە بخورێت یان بەبێ نان؟
کە شیفتەکەم لە نەخۆشخانەی فریاکەوتنی رۆژهەڵاتى هەولێر تەواوبوو، بەهۆی ئەوەی کە نیوەڕۆش ژەمێکی تەواوم نەخواردبوو، زۆرم برسی بوو، چوومە یەکێک لە رێستورانتەکان.
دوای داواکردنی خواردنەکەم کە شیشێک کەباب و شیشێک سنگی مریشک بوو، چوومە لای ئەو پیاوەی پارەکەی وەردەگرت، یەکسەر گوتی، کاکە بڕۆ نانێک بێنە و بیپێچە لە کەبابەکە، ئاوا زۆر خراپە بیخۆیت! منیش دەستم بە پرسیار کرد لەبارەی زیانەکانی کەباب خواردن بەمشێوەیە! من ئەو ماوەیە بۆ رێکخستن و مانەوەی کێشم بە تەندروستی، رێژیمی کیتۆ دەکەم ketogenic diet کە رێژیمێکی خۆراکیی پڕ چەوری و بێشەکر و بێ کاربۆهێدراتە.
رێژیمی کیتۆ چییە؟
رێژیمی کیتۆ جۆرێکی نوێی رێژیمی خۆراکییە، لە 20 توێژینەوەی زانستیدا باسی سوودەکانی دەکرێت کە یارمەتیدەرە بۆ دابەزاندنی کێش و چەندین سوودی تەندروستیی گرنگی هەن، ئەوانەی رێژیمی کیتۆ دەکەن کەمترین بڕ لە شەکر و کاربۆهێدرات دەخۆن، بەڵام لە جێگەی ئەوە چەوری دەخۆن. کاتێک جەستە دەگاتە دۆخێک پێیدەگوترێت کیتۆس، لەو کاتەدا لە جیاتی کاربۆهێدراتەکان، چەوری بۆ بەرهەمهێنانی وزە دەسووتێنێ، بەمەش وزە بۆ مێشک دەستدەکەوێت.
رێژیمی کیتۆ وادەکات شەکری خوێن بەڕێژەیەکی بەرچاو کەمبکات و لەگەڵیدا ئەنسۆلینیش کەمدەکاتەوە، بەمەش قەڵەوی کەمدەکاتەوە، چونکە جەستەى مرۆڤ چەورییەکان وەک تاکە سەرچاوەی وزە دەسووتێنێ، بە دابەزاندنی کێشیش مەترسیی نەخۆشییە درێژخایەنەکان کەمدەبێتەوە بەتایبەت شەکرە، چونکە شەکرە نەخۆشییەکی درێژخایەنە و تێیدا رێژەی شەکری خوێن زیاد دەکات و فرمانی ئەنسۆلین تێکدەچێت، کە لە رێژیمی کیتۆ ئەمە تەواو پێچەوانە دەبێتەوە، توێژینەوەیەک دەریخستووە ئەم رێژیمە خۆراکییە فرمانی ئەنسۆلین 75% باشتر دەکات.
یەکێک لە سوودە بەرچاوەکانی رێژیمی خۆراکی بەراورد بە ژماردنی کالۆری و کەمکردنەوەی چەوری ئەوەیە کە زۆرترین بڕی پڕۆتین دەخۆی، لە ئەنجامی چەندین توێژینەوەش دەرکەوتووە کە ئەمە یارمەتیدەرە بۆ کەمکردنەوەی نەخۆشییە دەمارییەکانی وەک لەرزۆکی، فێ و ئەلزهایمەر، هەروەها کەمکردنەوەی مەترسیی نەخۆشییەکانی دڵ و شێرپەنجە.
ئەوانەی رێژیمی کیتۆ پەیڕەو دەکەن چی دەخۆن؟
ئەوانەی رێژیمی کیتۆ پەیڕەو دەکەن زۆرترینی خۆراکەکانیان گۆشت و مریشک و ماسییە، ماست و هێلکە دەخۆن، پەنیر، بادەم، ئەڤۆکادۆ و سەوزەکان دەخۆن، لەنێو میوەکانیش شلیک دەخۆن و تەماتە و خیاریش رێگەپێدراون.
بەڵام هەموو جۆرەکانی شەربەت، میوەکان، پاقلەمەنی و پەتاتە، سۆسەکان، کهول و خواردنەوە گازییەکان ناخۆن.
منیش کە چوومە خواردنگەکە، داوای کەباب و مریشکم کرد، بەڵام بەپێی رێژیمەکە قەدەغەیە نان لەگەڵ ژەمەکان بخۆیت، بۆیە تەنیا زەڵاتەم لەگەڵی هێنا و پیاوەکە گوتی کاکە ئەمە زۆر خراپە نابێت بەبێ نان بیخۆیت، لەکاتێکدا نان پڕە لە کاربۆهێدرات و بڕێکی زۆر لە سۆدای تێدایە و هۆکارێکی سەرەکیی قەڵەوبوون و دروستبوونی ورگە.
پیاوەکە بە دڵنیاییەوە نەیزانی من پزیشکم، بۆیە کەوتە رێنمایی کردنم، منیش بە دەم خواردنەکەوە گوێم بۆ گرتبوو، کە قسەکانی تەواو کرد، پرسیم ئەرێ خواردنی کەباب بەبێ نان بۆچی خراپە؟
پرسیارەکەم تەواو کرد و کاک رۆژگار کە هاوڕێیەکمە و لە کۆنتڕۆڵی رووداو کاردەکات، بانگی کردم دکتۆر سڵاو، ئەوە تۆش خەریکی نان خواردنیت؟ کە ئاوڕم دایەوە و سڵاومان کرد، خاوەنی خواردنگەکە دەستی کرد بە پێکەنین و گوتی ئەوە تۆ خۆت دکتۆریشی وا پرسیاری بە نان یان بەبێ نان خواردنی کەباب دەکەیت و باسی باشی و خراپیی کەباب لە من دەپرسیت؟