نەخۆشنامە؛ رێگەکانی پێشگیریکردن لە دووگیانبوون نابنەهۆی نەزۆکی، بەڵام بەمەرجێک
رووداو - تەندروستی
لەنێو پۆدکاستی نەخۆشنامە، پسپۆڕێکی خانمان و منداڵبوون رایدەگەیێنێت، لەژێر راوێژی پزیشک دەرمانەکانی وەستانی سووڕی مانگانە بەکاربێن و کاریگەرترینیشیان دەنکۆڵە و لەولەبی هۆرمۆنەکانە.
د. هالە جەودەت، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی خانمان و منداڵبوون لە پۆدکاستی نەخۆشنامە کە د. هونەر رێبوار پێشکێشی دەکات گوتی، رێگەکانی رێگری لە دووگیانبوون، نابنەهۆی نەزۆکبوون بەڵام بەو مەرجەی کە خانمەکە هۆکاری دیکەی نەبێت کە ئەگەری نەزۆکبوونەکە زیادبکات وەکو گیرانی بۆرییەکانی هێلکەدانی یان کێشە لە پیاوان و کێشە لە رژێنەکانی هۆرمۆنی خانمەکە.
د. هالە جەودەت دەڵێت: نابێت دەرمانەکانی کەسێکی دیکە بۆ وەستانی سووڕی مانگانە یاخود رێگری لە دووگیانبوون بەکاربێن، چونکە جۆریان زۆرە و هەر دانەیەکیان بۆ کەسێکی دیاریکراو دەبێت، هەر بۆیە دەبێت بە راوێژی پزیشک بێت.
رێگەکانی پێشگیریکردن لە دووگیانبوون یاخود وەستانی سووڕی مانگانە باسدەکات وەکو؛
- دەنکۆڵە و لەولەبی هۆرمۆنەکان
- کۆندۆمی پیاوان و کۆندۆمی خانمان
- بەکارهێنانی ''تەحامیل'' 15 خولەک پێش سێکس
- ئەنجامنەدانی سێکس لەو رۆژانەی ئەگەری دابەزینی هێلکەدان هەیە
- رژانی تۆو لە دەرەوەی زێ
- دەرزیی سێ مانگە بۆ خانمان
بەڵام دەڵێت کە دەنکۆڵە و لەولەبی هۆرمۆنەکان سەلامەتترین و کاریگەرترینیانن، هاوکات لە کۆتاییدا دەشڵێت، هەمیشە لەژێر راوێژی پزیشکدا ئەو رێگەیانەی رێگری لە دووگیانبوون بەکاربێن، چونکە هەر خانمە و بەگوێرەی تایبەتمەنیی خۆی باشترین رێگەی بۆ دیاریدەکرێت.