پسپۆڕێک: بەندکراوان دوای ئازادکردنیان راوێژی دەروونی بکرێن
رووداو - تەندروستی
توێژینەوەی دەزگایەکی ئەمریکی رایدەگەیێنێت، بەشێکی بەندکراوان دوای ئازادبوونیان دەشێت تووشی کێشەی دەروونی ببنەوە، پسپۆڕێکی نەخۆشییە دەروونییەکانیش دەڵێت: بەندکراوان دوای ئازادبوونیان زۆرجار رق و کینەیان لە دڵ ماوە.
رۆژی چوارشەممە 9-4-2025 د. نزار گزال، پسپۆڕی نەخۆشییە دەروونییەکان لە بووڵتەنی تەندروستیدا رایگەیاند، دەربازنەبوون لە هەستکردن بە تاوان، بەندکراوان تووشی ناڕێکیی دەروونی دەکات و دوای ئازادبوونیان زۆرجار رق و کینەیان لە دڵ ماوە.
د. نزار گزال گوتی، ''بیرکردنەوەی نەرێنی هەست و رەفتاری نەرێنی لێ بەرهەمدێت و پێویستە راگەیاندنەکان مۆرکی شەرمەزاری لەسەر بەندکراوان تۆخ نەکەنەوە''.
هەروەها ئاماژە بەوەشدەکات، بەشێکی بەندکراوان دوای ئازادبوونیان، تووشی کێشەی کۆمەڵایەتی لەگەڵ خێزانەکەیان دەبن، هەر بۆیە پێشنیازدەکات، بەندکراوان دوای ئازادکردنیان راوێژی دەروونی بکرێن.