هۆشدارییەکی جیدی لەبارەی قەڵەوییەوە؛ بەردی گورچیلە دروستدەکات

رووداو - تەندروستی

توێژینەوەیەکی ئەمریکی هۆشداری دەدات، کێشی زیادە، پێکهاتەی میزی جەستەت دەگۆڕێت و وادەکات ئاسانتر تووشی بەردی گورچیلە ببێت.
 
توێژینەوەک لە زانکۆی ئالاباما لە ئەمریکا، کراوە و دەرکەوتووە، قەڵەوی دەبێتە هۆی تێکچوونی زیندەچالاکییەکانی جەستە، کە دواجار ژینگەیەکی نموونەیی بۆ کۆبوونەوە و دروستبوونی بەرد لە گورچیلەکاندا ساز دەکات.
 
بەپێی توێژینەوەکە، لە کەسانی قەڵەودا، رێژەی دەردانی ماددەی کالسیۆم و ئۆگزالەیت لە میزدا بەرز دەبێتەوە. 
 
کاتێک ئەم دوو مادەیە لە میزدا چڕدەبنەوە، پێکەوە یەکدەگرن و کریستاڵی بچووک دروست دەکەن، کە دواتر گەورە دەبن و دەگۆڕێن بۆ "بەردی کالسیۆم ئۆگزالەیت"، کە بە باوترین جۆری بەردی گورچیلە دادەنرێت.
 
دکتۆر کایل ود، پرۆفیسۆری یاریدەدەر لە بەشی میزەڕۆ لە زانکۆی ئالاباما، لەم بارەیەوە دەڵێت: "قەڵەوی کیمیای میزی مرۆڤ دەگۆڕێت. یەکێک لە گۆڕانکارییە سەرەکییەکان ئەوەیە کە میز ترشتر دەبێت (واتە pHی دادەبەزێت). ئەم ژینگە ترشە یارمەتیدەرە بۆ دروستبوونی بەردی جۆری یوریک ئەسید."

چۆنیەتیی پێشگیریکردن لە تووشبوون بە بەردی گورچیلە
 
-خواردنەوەی ئاوی پێویست
- خواردنی سەوزە و میوە
- وەرزش
-کێشڕێكی
-دوورکەوتنەوە لە خۆراکە خێراکان
-دوورکەوتنەوە لە خواردنەوە وزەبەخشەکان
-دوورکەوتنەوە لە خواردنەوە گازییەکان