توێژینەوەیەک: بەکارهێنانی مۆبایل لە توالێتدا ئەگەری تووشبوون بە مایەسیری زیاد دەکات
رووداو - تەندروستی
توێژینەوەیەکی ئەمریکی هۆشداری دەدات لە دانیشتنی درێژخایەن لەسەر کورسیی توالێت و دەردەخات، بەهۆی سەرقاڵبوون بە مۆبایلەوە، گوشارێکی ناپێویست لەسەر خوێنهێنەرەکان دروست دەکات.
سەنتەری پزیشکیی بێس ئیسرائیل دیکۆنێس لە ئەمریکا، پەیوەندیی راستەوخۆی لەنێوان بەکارهێنانی مۆبایلی زیرەک لە توالێت و زیادبوونی مەترسیی تووشبوون بە مایەسیری دۆزیوەتەوە، بەپێی ئەنجامەکان، ئەو کەسانەی بە شێوەیەکی بەردەوام مۆبایلەکانیان لەگەڵ خۆیان دەبەنە توالێت، مەترسیی تووشبوونیان بە مایەسیری بە رێژەی 46٪ زیاترە.
سەنتەری پزیشکیی بێس ئیسرائیل دیکۆنێس لە ئەمریکا ئاشکرای دەکات، نزیکەی 37٪ـی ئەو کەسانەی مۆبایل بەکاردەهێنن زیاتر لە پێنج خولەک لە توالێتدا دەمێننەوە، لە کاتێکدا تەنیا 7٪ـی ئەوانەی مۆبایل بەکارناهێنن ئەو ماوەیە دەخایەنن.
توێژەران جەخت لەوە دەکەنەوە، کێشەکە خودی مۆبایلەکە نییە، بەڵکو ئەو ماوە درێژەیە کە بەکارهێنەران بەهۆی سەرقاڵبوون بە سۆشیاڵ میدیا، خوێندنەوەی هەواڵ یان یاریکردنەوە لەسەر کورسیی توالێتدا بەسەری دەبەن.
دکتۆر تریشا پاسریچا، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی کۆئەندامی هەرس و سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە دەڵێت: "مۆدێلی کارکردنی ئەپەکانی سۆشیاڵ میدیا لەسەر ئەوە بنیات نراوە کە سەرنجمان لابدات و هەست بە تێپەڕبوونی کات نەکەین، ئەمەش وادەکات خەڵکی زیاتر لە پێویست لە توالێتدا بمێننەوە، کە دەبێتە هۆی دروستبوونی گوشاری زیادە لەسەر خوێنهێنەرەکانی دەوری کۆم".