پسپۆڕێک لەنێو ستۆدیۆ چۆنیەتیی خودپشکنینی مەمک روون دەکاتەوە
رووداو - تەندروستی
پسپۆڕێكی شێرپەنجە ئاماژە بەوەدەکات، چەند نیشانەیەکی جیاواز هەیە بۆ ناسینەوەی شێرپەنجەی مەمک بەڵام لە هەمووی دیارتر گرێیە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 9-10-2025 د. سارا جەمیل، پسپۆڕی شێرپەنجە لە بووڵتەنی تەندروستی، رایگەیاند " چەند نیشانەیەکی جیاواز هەیە بۆ ناسینەوەی شێرپەنجەی مەمک وەک گۆی مەمک ببێت بە برین یان جۆرێک لە شلە بێتە دەرەوە بەتایبەت ئەگەر رەنگەکەی قاوەیی باوبێت و خوێنی لەگەڵ بێت، هەندێک جار رەنگی پێستەکە دەگۆڕێت و سوور دەبێتەوە".
د. سارا جەمیل لەبارەی نیشانەکانەوە گوتی "نیشانەیەکی دیکە هەیە کە پێی دەگوترێت توێکڵێ پرتەقاڵ کە پێستەکە ئەستوور دەبێت و چەند چاڵێکی لێ دروست دەبێت و رەنگی سوور دەبێتەوە، هەندێک جاریش لەشوێنی گرێ چاڵای درووست دەبێت".
د. سارا جەمیل پێشنیاز دەکان، خانمان دەتوانن لە تەمەنی 25 بۆ 40 ساڵی خودپشکنینی مەمک ئەنجام بدەن.
لەبارەی چۆنییەتیی دەستنیشانکردنی شێرپەنجەی مەمک لە ماڵەوە ئەو پسپۆڕی شێرپەنجەیە ئاشکرای کرد " خانمان لە ماڵەوە دەتوانن بە سەیرکردنی مەمکیان لە ئاوێنەوە بزانێت ئەویش ئەگەر هەر گۆڕانکارییەک لە شێواز، قەبارە، رەنگی پێست و شێوازی گۆی خانمان هەبوو مەترسیی هەیە تووشی شێرپەنجەی مەمک بووبێت.
لە کۆتایدا د. سارا جەمیل گوتی "پێویستە لە قوتابخانە و زانکۆکان بە خانمان بگوترێت چۆن خودپشکنینی مەمک ئەنجام دەدرێت و هۆشیاری زیاتر لەنێو کۆمەڵگەدا بڵاو بکرێتەوە".