ئایا میلاتۆنین دەبێتە هۆی پەککەوتنی دڵ؟

09-11-2025
بڕوا فەرهاد
A+ A-
رووداو - تەندروستی

توێژینەوەیەکی ئەمریکی ئاماژە بەوە دەکات کە بەکارهێنانی درێژخایەنی مێلاتۆنین، کە وەک حەبی خەو بەکاردێت، رەنگە مەترسیی تووشبوون بە پەکەوتنی دڵ زیاد بکات.
 
بەپێی توێژینەوەیەک کە لەلایەن کۆمەڵەی دڵی ئەمریکییەوە بڵاوکراوەتەوە ئەو کەسانەی بۆ ماوەی ساڵێک یان زیاتر مێلاتۆنینیان بەکارهێناوە، ئەگەری تووشبوونیان بە پەکەوتنی دڵ لە ماوەی 5 ساڵی داهاتوودا بە رێژەی 90% زیاتر بووە، بە بەراورد بەو کەسانەی کە هەمان هۆکاری تەندروستییان هەبووە بەڵام مێلاتۆنینیان بەکارنەهێناوە.
 
د. ئیکنیدیلیچوکو نادی، سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە ، رایگەیاند، "تەواوکەرە خۆراکییەکانی مێلاتۆنین بە شێوەیەکی بەرفراوان وەک بژاردەیەکی سەلامەت و 'سرووشتی' بۆ یارمەتیدانی خەوێکی باشتر سەیر دەکرێن، بۆیە بینینی ئەم زیادبوونە بەرچاوە لە مەترسییە تەندروستییەکاندا جێگەی سەرنج بوو."
 
د. نادی جەختی لەوە کردەوە کە "توێژینەوەکە ناتوانێت پەیوەندییەکی راستەوخۆی هۆکار و دەرەنجام بسەلمێنێت، ئەمەش مانای ئەوەیە کە پێویستمان بە توێژینەوەی زیاترە بۆ تاقیکردنەوەی سەلامەتیی مێلاتۆنین بۆ دڵ."
 
توێژینەوەکە پشتی بە ئاماری تۆماری پزیشکیی ئەلیکترۆنی زیاتر لە 130 هەزار کەس بەستووە کە تێکڕای تەمەنیان 55 ساڵ بووە، بەڵام شارەزایان ئاماژە بە چەندین کەموکوڕی لە توێژینەوەکەدا دەکەن، لەوانە نەبوونی زانیاری لەسەر ژەم و بڕی بەکارهێنراوی مێلاتۆنین، توندیی کێشەی خەوزڕان لای بەشداربووان، هەروەها ئەگەری ئەوەی کە هەندێک لە بەشداربووانی گرووپی کۆنترۆڵیش مێلاتۆنینیان بەبێ رەچەتەی پزیشک بەکارهێنابێت.
 
مێلاتۆنین هۆرمۆنێکە کە بە شێوەیەکی سرووشتی لە مێشکدا لە وەڵامی تاریکیدا بەرهەم دێت بۆ یارمەتیدانی جەستە بۆ ئامادەبوون بۆ خەو، لە ئەمریکا، وەک تەواوکەرێکی خۆراکی دەفرۆشرێت و ناکەوێتە ژێر چاودێریی توندی دەستەی خۆراک و دەرمانی ئەمریکی (FDA).
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە