هەرگیز پژمینت رامەگرە

رووداو- هەولێر

پژمین ئەو کاتە روودەدات کە ماددەیەک دەچێتە نێو لووت، دەکرێت ئەو ماددەیە تۆز و خۆڵ بێت یاخود بەکتریا و ڤایرۆس، ئەو میکانزیمەشی کە لووت بەهۆیەوە ئەو ماددانە دەردەکات و ناهێڵێت تووشی هەوکردن بیت بریتییە لە پژمین. 


لە شوێنە قەرەباڵخەکاندا زۆربەی خەڵکی پژمینیان رادەگرن، توێژینەوە پزیشکییەکان دەریان خستووە، راگرتنی پژمین مەترسیدارە و دەبێت خەڵکی لەو خووە ناتەندروستە دووربکەونەوە، چونکە ئەو میکانیزمە ئاساییە و شتێک نییە بەهۆیەوە شەرم بکەیت.

پژمین کردارێکی بەهێزە، ئەمەش بەهۆی ئەو پەستانە زۆرەیە کە لەدواوەیەتی، کاتێک دەپژمیت پەستانێکی زۆر لەنێو کۆئەندامی هەناسەدا دروستدەبێت. توێژینەوەیەکی پزیشکانی ئێرانی دەریخستووە، کاتێک کەسێک پژمینەکەی رادەگرێت ئەو پەستانەی دروستدەبێت نزیکەی پێنج بۆ 10 هێندە لە پەستانە ئاساییەکە زیاترە، بەمەش زیان بە پێکهاتەکانی ئەو کۆئەندامی هەناسە دەگەیێنێت.

لەکاتی راگرتنی پژمیندا و زیادبوونی پەستانی هەوا، بەشێکی ئەو هەوایە دەچێتە گوێیەکان و لەوانەیە دڕانی پەردەی گوێی لێبکەوێتەوە، هەروەها هەوکردنی گوێی نێوەڕاست و زیانگەیشتن بە لولەکانی خوێن یەکێکی دیکەن لە گرفتەکانی راگرتنی پژمین لەسەر گوێیەکان.

پزیشکانی پسپۆڕی قورگ، لووت و گوێ رایدەگەیێنن، راگرتنی پژمین دەبێتەهۆی پچڕانی بەشی دواوەی قورگ، ئەمەش دوای ئەوەی پیاوێکی تەمەن 34 ساڵ بەهۆی راگرتنی پژمینەکەی تووشی ئازارێکی زۆر بەتایبەت لەکاتی قوتدان بووبووە و پزیشکان بۆیان دەرکەوتبوو تووشی پچڕانی قورگ بووە.

لەکۆتاییدا پزیشکان دەڵێن "هەرگیز پژمینەکان رامەگرە، تەنانەت ئەگەر لە کۆبوونەوەیەکی ئێجگار گرنگیدا بوویت"