پسپۆڕێک: سەرمابوون بەرگریی جەستە لاواز دەکات و پشوودان باشترین چارەسەرە بۆ ئەنفلەوەنزا
رووداو - تەندروستی
پسپۆڕێکی نەخۆشییەکانی هەناو رایدەگەیێنێت، پەیوەندییەکی راستەوخۆ لەنێوان سەرمابوون و نەخۆشییەوە هەیە و هەر سەرمابوونێکی کاتی دەبێتە هۆی لاوازبوونی بەرگری جەستە.
ئەمڕۆ سێشەممە 9-12-2025 د. مەسعود حاجی، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی هەناو لە بوڵتەنی تەندروستی رایگەیاند نزیکەی 9 جۆری ڤایرۆس هەن کە دەبنە هۆی تووشبوون بە ئەنفلەوەنزا، هەروەها لە سەرەتای دەرکەوتنی نیشانەکانەوە تاوەکو دوو بۆ سێ رۆژ دوای نەمانی نیشانەکان، ئەگەری گواستنەوەی ڤایرۆسەکە لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی دیکە هەیە.
سەبارەت بە چارەسەر، د. مەسعود حاجی جەخت لەوە دەکاتەوە کە پشوودان رۆڵێکی یەکجار گرنگ دەبینێت بۆ چاکبوونەوەی ئەو کەسانەی ئەنفلەوەنزا دەگرن، هاوکات دەشڵێت، "دژەبەکتریاییەکان نابنە هۆی چاکبوونەوە لە ئەنفلەوەنزا."
بۆ خۆپارێزی، پسپۆڕەکەی نەخۆشییەکانی هەناو رێنمایی دەدات و دەڵێت، "دەبێت هەموو رۆژێک بۆ ماوەی 30 خولەک پەنجەرەی ماڵەکان بکرێتەوە بۆ ئەوەی هەواگۆڕکێ لە ماڵەکەدا رووبدات."