رووداو - تەندروستی
دەستەی خۆراک و دەرمانی ئەمریکی (FDA)، ئامێرێکی زیرەکی دەستکردی پەسەند کرد کە یارمەتیی پزیشکان دەدات بۆ هەڵسەنگاندنی حاڵەتە سەختەکانی چەوریی جگەر لەکاتی تاقیکردنەوەی دەرمانەکاندا.
ئەم سیستمە کە لەسەر بنەمای تەکنەلۆژیای هەوری (Cloud-based) کاردەکات و ناوی (AIM-NASH)ە، شیکاری بۆ وێنەی شانەکانی جگەر دەکات بۆ یارمەتیدانی پزیشکان لە هەڵسەنگاندنی نیشانەکانی نەخۆشییەکە، وەک کۆبوونەوەی چەوری، هەوکردن و دروستبوونی برین.
دەستەی خۆراک و دەرمانی ئەمریکی رایگەیاند، پێشبینی دەکرێت ئامێرەکە تاقیکردنەوە کلینیکییەکان بۆ هەوکردنی جگەر بەهۆی چەورییەوە کە پەیوەستە بە تێکچوونی مێتابۆلیزم (MASH) خێراتر بکات.
بەگوێرەی دەستەکە، لە ئێستادا چەندین پسپۆڕ بە شێوەی سەربەخۆ پێداچوونەوە بە نموونەی وەرگیراو لە جگەر (biopsy) دەکەن، کە پرۆسەیەکی خاوە و هەندێکجار ئەنجامەکانی جێگیر نین، بەڵام ئەم ئامێرە نوێیە دەتوانێت یارمەتیدەر بێت بۆ ستانداردکردنی هەڵسەنگاندنەکە و کەمکردنەوەی کات و ئەو سەرچاوانەی کە بۆ گەیاندنی چارەسەری نوێی (MASH) بە نەخۆشەکان پێویستن.
ئامێری (AIM-NASH) ئەلگۆریتمەکانی زیرەکی دەستکرد بەکاردەهێنێت بۆ شیکاریکردنی وێنەی نمونەکانی جگەر و خاڵبەندییەک لەسەر بنەمای سیستەمێکی ستاندارد پێشکێش دەکات، کە دواتر بۆ لێکدانەوەی کۆتایی دەچێتە بەردەم پزیشکان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ