بۆردوومان 9 نەخۆشخانەی لە ئێران لەکارخستووە
رووداو دیجتاڵ
محەممەد جەمالیان، ئەندامی لیژنەی تەندروستیی پەرلەمانی ئێران، نوێترین ئاماری زیانەکانی کەرتی تەندروستی و پلانی فریاگوزاریی وڵاتەکەی بۆ رووبەڕووبوونەوەی دۆخی جەنگ ئاشکرا کرد و دەڵێت: "9 نەخۆشخانە بە تەواوی لەکارکەوتوون.''
جەمالیان بە میدیای وڵاتەکەی گوتووە: "11 کارمەندی تەندروستی کوژراون و 53ی دیکەش بریندارن، تاوەکو ئێستا 1،400 بریندار لە نەخۆشخانەکانی سەرتاسەری وڵاتدا لە ژێرچارەسەری پزیشکیدان."
سەبارەت بە توانای بەرگەگرتنی وڵات لە ئەگەری درێژەکێشانی جەنگەکە، ئەندامەکەی لیژنەی تەندروستی دڵنیایی دەدات یەدەگی 6 مانگ کۆگەکانی دەرمان و پێداویستییە پزیشکییەکان ئامادە کراون، ئەگەر شەڕ بۆ 6 مانگی دیکەش بەردەوام بێت، وڵات تووشی کورتهێنان نابێت.
هەموو جۆرە نەشتەرگەری و رێکاری جوانکاری لە نەخۆشخانەکاندا راگیراون، ئامانج ئەوەیە تواناکان بۆ نەخۆشانی بریندار و دۆخی پێویست تەرخان بکرێت.
جەمالیان داوا لە خەڵک دەکات بە هیچ شێوەیەک لە چارەسەرکردنی نەخۆشییە ئاساییەکانیاندا کەمتەرخەم نەبن، جەختی کردەوە جەنگ نابێت ببێتە هۆی پشتگوێخستنی تەندروستی گشتی چونکە درەنگ گەیشتن بە نەخۆشخانە دەبێتە هۆی لێکەوتەی مەترسیداربۆ نەخۆش.