پڕۆفیسۆرێک: خەوی ناتەواو نیشانەکانی خەمۆکی و دڵەڕاوکێ خراپتر دەکات
رووداو - تەندروستی
توێژینەوەیەک لە زانکۆی ستانفۆردی ئەمریکی دەریدەخات، تەنیا کەمخەوی و خەوی بێ کواڵیتی ناتوانێت باری دەروونیی مرۆڤ تێکبدات، بەڵکو لە هەمان کاتدا کێشە دەروونییەکانیش کاریگەری راستەوخۆیان لەسەر تێکچوونی خەو هەیە.
لە توێژینەوەکەدا دەرکەوتووە کە ئەو کەسانەی کە کێشەی دەروونییان هەیە، زۆرجار رووبەڕووی کێشەکانی وەک خەوزڕان، خەوی پچرپچڕ، یان زیادەڕەوی لە خەوتندا دەبنەوە.
لە توێژینەوەکەدا جەخت لەوە کراوەتەوە کە خەو تەنیا پرۆسەیەکی پشوودان نییە، بەڵکو کاتێکی گرنگە بۆ مێشک تاوەکو خۆی رێکبخاتەوە، زانیارییەکان پرۆسێس بکات و خۆی بۆ رۆژی دواتر ئامادە بکات.
پڕۆفیسۆر د. جەیمی زایتزەر، پسپۆڕی دەروونی لە زانکۆی ستانفۆرد سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە، دەڵێت: "پێویستە ئەو کەسانەی نەخۆشیی دەروونییان هەیە گرنگییەکی تایبەت بە خەویان بدەن، چونکە کەمخەوتن، توانای مێشک بۆ بەڕێوەبردنی قەلەقی و هەستە نەرێنییەکان کەم دەکاتەوە."