رووداو دیجیتاڵ
قایمقامی قەزای ناوەندیی هەولێر رایگەیاند، هەر خۆراک یان خواردنەوەیەک رەزامەندیی وەزارەتی تەندروستی لەسەر نەبێت، دەستی بەسەردا دەگرن.
نەبەز عەبدولحەمید، قایمقامی قەزای ناوەندیی هەولێر بە رووداوی راگەیاند، بەشێک لە خواردنەوە وزەبەخشەکان بەشێوەی نایاسایی لە شارەکانی دیکەی عێراقەوە دەهێندرێنە هەرێمی کوردستان، بەڵام تیمە تەندروستییەکان لە دەروازەکان رێگرییان لێدەکەن.
قایمقامی هەولێر گوتی: "تیمێکی تایبەتی تەندروستی لە هەموو دەروازەکان هەیە، ئەو خۆراک و خواردنەوانەی رەزامەندییان لەسەر نییە، رێگە نادەن بێنە نێو هەرێمی کوردستان."
سەبارەت بە خواردنەوە وزەبەخشەکان، نەبەز عەبدولحەمید، باسی لەوە کرد، بەکارهێنانی لەنێو گەنجاندا نەگەیشتووەتە ئاستێکی مەترسیدار و فرۆشتنی لە فرۆشگەی قوتابخانەکاندا قەدەخەیە.
بەکارهێنانی خواردنەوەی وزەبەخش لەنێو گەنجان و مێرمنداڵان زیادبووە و بەشێکیان رۆژانە دانەیەک یان زیاتر دەخۆنەوە.
نەبەز عەبدولحەمید گوتی، "دەبێت هۆشیاریی زیاتر بڵاوبکرێتەوە و دایک و باوکان رێگە نەدەن منداڵەکانیان خواردنەوەی وزەبەخش بخۆنەوە."
بەپێی بەدواداچوونێکی رووداو، لە هەرێمی کوردستان 38 کۆمپانیا، خواردنەوەی وزەبەخش هاوردە دەکەن بەڵام تەنیا 10 کۆمپانیا بە فەرمی کار دەکەن، هەروەها 11 کارگەی فەرمی هەن کە خواردنەوەی وزەبەخش لە هەرێمی کوردستان بەرهەمدێنن.
لە نزیکەی 20 وڵاتی جیهان فرۆشتنی خواردنەوە وزە بەخشەکان بە کەسانی 18 ساڵ قەدەخەکراوە. لە نوێترین بڕیاردا بەریتانیا لە سەرەتای مانگی 9 رایگەیاند بە نیازە خواردنەوە وزەبەخشەکان بۆ کەسانی خوار 16 ساڵ قەدەخە بکات، ئەمەش دوای ئەوەی دەرکەوت سێ بەشی منداڵانی بەریتانی ئاڵوودەی ئەو خواردنەوانە بوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ