لە نەخۆشخانەی قەڵا لە کەلار بەشی چاودێریی چڕ کرایەوە
رووداو - تەندروستی
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی گەرمیان کردنەوەی بەشی چاودێریی چڕی لە نەخۆشخانەی قەڵا لە قەزای کەلار راگەیاند، کە بە گوتەی بەڕێوەبەری تەندروستیی گەرمیان، لەمەودوا نەخۆشانی پێویست بە چاودێریی چڕ ناچار نابن سەردانی نەخۆشخانەکانی سلێمانی بکەن.
د. محەممەد ئازاد، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی گەرمیان بە رووداوی راگەیاند، بەشە نوێیەکە لە 5 تەخت پێکهاتووە و دەتوانرێت ئەو نەخۆشانەی زەبریان بەر مێشک کەوتووە و لە کۆمادان، لەو بەشە بهێڵرێنەوە و چارەسەری پێویستیان بۆ بکرێت.
بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی گەرمیان ئاماژەی بەوەشکرد، "ژمارەی تەختەکان کەمە و لە ئاستی چاوەڕوانیی ئێمەدا نییە، بەڵام بەپێی ئەو توانایەی لەبەردەستە، کردنەوەی ئەم بەشە هەنگاوێکی باشە."
د. محەممەد ئازاد ئاماژەی بەوەدا کردنەوەی ئەم بەشە لە کاتێکدایە کە پێشتر نەخۆشانی ناوچەکە بۆ وەرگرتنی خزمەتگوزاریی چاودێریی چڕ، زۆرجار روویان لە نەخۆشخانەکانی شاری سلێمانی دەکرد، ئەمەش بارگرانییەکی زۆری لەسەر شانی نەخۆش و کەسوکارەکانیان دروستکردبوو.