تەندروستیی ئێران: 101 کەس بە ئەنفلوەنزا گیانیان لەدەستداوە
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی تەندروستیی ئێران رایگەیاند، تاوەکو ئێستا 101 کەس بەهۆی ئەنفلەوەنزاوە گیانیان لەدەستداوە و تووشبوون بەو پەتایە زیاتر بووە.
حوسێن کرمانپوور، بەڕێوەبەری پەیوەندییە گشتییەکانی وەزارەتی تەندروستیی ئێران رایگەیاند، ژمارەی قوربانییانی ئەنفلەوەنزا هەر وەکو پارە و زۆربەی ئەوانەی بەهۆی پەتاکەوە گیانیان لەدەستداوە، پێشتر ڤاکسینیان لێنەداوە.
کرمانپوور دەڵێت، ژمارەی تووشبووان بە پەتای ئەنفلەوەنزا بەخێرایی زیاتر دەبێت و پێشبینی دەکرێت، ئەگەر خەڵک پابەندی رێنماییەکانی خۆپارێزی بن، زیاتربوونی ژمارەی تووشبووان تاوەکو نێوەڕاستەکانی مانگی بەفرانبار (یەکەم مانگی زستان) بەردەوام بێت و دواتر کەمبێتەوە.
قسەکانی ئەو بەرپرسەی وەزارەتی تەندروستیی ئێران دوای ئەوە هات، لە میدیاکانی ئەو وڵاتە بڵاوکرایەوە، ژمارەی قوربانییانی ئەنفلەوەنزا لەو وڵاتە زۆر بەرزبووەتەوە و تەندروستیی ئێران ئاماری راستەقینەی قوربانییان بڵاو ناکاتەوە.
قوباد مورادی، بەڕێوەبەری ناوەندی کۆنترۆڵی نەخۆشییە گوازراوەکان لە وەزارەتی تەندروستیی ئێرانیش دەڵێت، تووشبوون بە ئەنفلەوەنزا لە زۆربەی پارێزگاکان لە دۆخی هۆشدار تێپەڕیوە و سەردانی تووشبووان بۆ نەخۆشخانە ئەوەندە زۆرە، لە هەندێک لە نەخۆشخانەکان جێگە نەماوە بۆ چارەسەرکردن و خەواندنی تووشبووان.
بە گوتەی قوبادی، ئێستا کاتی لێدانی ڤاکسینی ئەنفلەوەنزا بەسەرچووە، بەڵام ئەو کەسانەی نەخۆشییان هەیە، بۆ ئەوەی کاریگەرییەکانی تووشبوون بەو پەتایە کەم بکەنەوە، دەتوانن ڤاکسین لێبدەن.